د.خەیری عەلی ئوسو: ناوچە گەشتیارییەکانی دھۆک دەرفەتی کاری بۆ زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس رەخساندووە

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک گوتی، لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٥٠ ناوچەی گەشتیاری ھەیە و دەرفەتی کاری بۆ زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس رەخساندووە، دەشڵێت، تەنیا ئەمساڵ ٢٠ مۆڵەتمان بە شوێنە گەشتیاریەکان داوە.
د. خەیری عەلی ئوسو، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٥٠ ناوچەی گەشتیاری ھەیە و ناوچە گەشتیاریەکان دەرفەتی کاری بۆ زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس رەخساندووە و تێدا کار دەکەن، ھەروەھا ٩٠٠ شوێنی گەشتیاری لە دھۆک ھەیە و ئەمساڵیش مۆڵەت بە کردنەوەی ٢٠ شوێنی گەشتیاری دراوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتوگوزار دەبێت".
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک دەشڵێت: "ئەمساڵ تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیاریەکانی دھۆک کردووە و پلان ھەیە بۆ ئەوەی ھێنانی گەشتیار بۆ دھۆک زیاد بکرێت".
د خەیری عەلی ئوسو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری لە دھۆک جێبەجێدەکرێن ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانەش دەبێتە ھۆی بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری لە سنووری پارێزگاکەمان، لە جەژنی قوربانی رابردووش کۆمەڵگایەکی گەشتیاری لە قەزای ئامێدی بەسەر مایەی دوو ملیۆن دۆلار کراوەتەوە و پێشوازی لە میوانان دەکات".
قائید میرۆ




