وەزارەتی ئەوقاف بۆ KDP: رەدیی ئەوانەمان داوەتەوە کە دژایەتی ھەرێمیان کردووە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی بۆردی دانانی وتاری ھەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، تاڕادەیەکی باش مامۆستایانی ئایینی پابەندی بۆردی وتاری رۆژی ھەینین و ئێستا خەریکین لە رێگەی خول و سەردانیکردنی مامۆستایانی ئایینی ئامادە دەکرێن بۆ ئاشنابوون بە مێژووی کوردی و ئینتیمابوون بۆ خاک و نیشتیمان، کە ئێستا ٣ ھەزار مامۆستا خولیان لە ھەرێمی کوردستان بۆ کراوەتەوە.
سەرۆکی بۆردی دانانی وتاری ھەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بارزان باران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە پلانی ستراتیژی ساڵانەمان بۆ وتاردانی رۆژی ھەینی ھەیە و بابەتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان یەکێکە لە ھەرە خاڵە لە پێشینەکانمان، بۆیە دەمانەوێت ئینتیما بۆ خاک و نیشتمان و وڵات زیاد بێت و ئەو بابەتانە بەشێوەی جیاواز وامان کردووە لەوتارەکان رەنگبداتەوە و لە ھەموو بۆنەکان وتارمان ھەبووە بۆ رۆژانی ھەینی کە لە ئایینی ئیسلام چۆن باس دەکرێت و بەردەوامیش دەبین و تەنانەت ھەندێک بۆنەی جیھانی ھەیە لەوانەش سوودمان وەرگرتووە و بەستومانەتەوە بە ھەرێمی کوردستان، بۆ نموونە رۆژی گەلان ئەو بابەتانە بقۆزینەوە بۆ خۆمان بۆ بابەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و لە ھەر روووداوێکیش وتارمان ھەبووە کە دژی گەلی کورد دراوە، بۆیە رەدیی ھەموو ئەوانەشمان داوەتەوە کە دژایەتی ھەرێمی کوردستانیان کردووە".
سەرۆکی بۆردی دانانی وتاری ھەینی گوتیشی: "جگە لەوەش ئێمە وتاربێژیش پێدەگەینین لە رێگەی کردنەوەی خول و سەردانیکردنیان و ئێستا خەریکی ئەو پرۆسەین کە مامۆستایانی ئایینی پابەندی ئەو بۆردەبن، ھاوکات ھەموو بۆنە ئایینی و نیشتیمانیەکان بەفۆڕمێکی تازە و جوان کە تەعبیر لە فەرھەنگی جوانی کوردەواری خۆمان بکات باس بکەن، بۆیە کاری باشمان کردووە و پێشتر ھەزار و ٣٠٠ مامۆستا خولمان بۆ کردەووە و ئەمساڵیش خەریکین ٣ ھەزار مامۆستا لە ناو خولن، بۆیە بەگشتی قسەی لەسەر دەکرێت وەکو ئاشنابوون بەمێژووی کورد و ئینتیما بۆ کوردستان و وتاردان بەشێوەی سەردەمیانە، بۆیە کاری باشمان کردووە و بەردەوامیشین".
بارزان باران ڕوونیشیکردەوە: "ئەوانەی خەڵک ھاندەدەن یان توندوتیژی بڵاودەکەنەوە و سوکایەتی دەکەن لە وتاردان لادەدرێن، بۆیە ئێستا ئەو دیاردە کەمبۆتەوە و بۆتە تاک تاک ئەگەرنا ئێستا مامۆستایان پابەندی کاری بۆردی دانانی وتاری ھەینین ".
بڵند ئیبراھیم




