٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەقیبی رۆژنامەنووسان: لە کۆنگرەی تازەدا ئەو رۆژنامەنووسانه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و ئەوانەش لاده‌درێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی، ئامادەکاری دەکرێت و لیژنەش پێکھاتووە بۆ ئەوەی ھەوڵبدەین ئەمساڵ کۆنگرە ببەستین، ئەمجارەش ئەوەی رۆژنامەنووسی فعلی نەبێت و ھیچ پیشەیەکی دیکەی نەبێت ناتوانێت ببێتە ئەندامی کۆنگرە و دەمانەوێت ئەمجارە کۆنگرەیەک ببەستین تەنھا ئەوانە ببنە ئەندام کە رۆژنامەنووسی فعلین و کۆمەڵێک گۆرانکاری دەکەن و یاسای سەندیکاش دەگۆڕن.

نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، حاکم ئازاد حەمەدەمین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەندیکا بە یاسای ژمارە چواری ساڵی ١٩٩٨ رێکخراوە و تەنھا ھەندێک ڕێوشوێن دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی لە داھاتوودا لە کۆنگرە تەنھا ئەو رۆژنامەنووسانە دەبنە ئەندام کە رۆژنامەنووسی فعلین و لە شوێنی دیکە کار ناکەن و پیشەی دیکەیان نیە، بۆ ئەوەی بتوانین کۆنگرەیەکی باش ئەنجامبدەین کە ئەوە لە بەرژەوەندی رۆژنامەنوساندایە بۆ ئەوەی ھاوکاربین بۆ دەزگاکانی راگەیاندن و لە خەڵکی نامۆ پاکبکرێتەوە و سەندیکا بۆ رۆژنامەنووسانی فعلی بێت کە لە دەزگای راگەیاندن کار دەکەن ھاوکات ئەنجوومەنی سەندیکا لە کاتی تەواوبوونی خولی خۆی بڕیاریداوە و لیژنەی بۆ دروست کردووە کە کۆنگرە ببەسترێت و ئیش و کاری کۆنگرە بەرێوەببات، چونکە لە ساڵی ٢٠١١وە وادەکەی تەواوبووە بەھۆی ھەندێک دۆخ نەتواندراوە بکرێت، بۆیە پێویستە لەکاتێک کۆنگرە بکرێت کە زۆر رووداو نەبن بۆ ئەوەی کۆنگرەیەکی باش بەرێوەببەین".

حاکم ئازاد حەمەدەمین گوتیشی: "ھەوڵدەدەین تەنھا رۆژنامەنووسی فعلی و ھیچ پیشەیەکی دیکەیان نەبێت ببنە ئەندامی کۆنگرە، چونکە ئێمە ٧ ھەزار ئەنداممان ھەیە بەگشتی، بۆیە لەم کۆنگرەیە پۆلین دەکرێت و تەنھا ئەوانە دەمینێتەوە کە رۆژنامەنووسی فعلین و ئەوانەی دیکە لابدرێن".

حەمەدەمین ڕوونیشیکردەوە: "لەو ژمارەیە کاتی خۆی لەمیدیا کاریان کردووە ئێستا ھیچ پەیوەندیان بە کاری میدیاوە نەماوە و ئێمە ھەوڵدەدەین یاسای سەندیکاش بگۆرین، کە چواردە ناونیشان ھەیە، بەڵام بەپێی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا ھەوڵبدەین ناونیشانی تازە کە ھەبن شوێنیان بکەینەوە، بەڵام ئەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کار دەکەن کاری رۆژنامەنووسی نیە و تەنھا ئەوانەی سوودیان لە میدیای ئەلکترۆنی وەرگرتووە ئەوانە بەشێکن لە رۆژنامەنووسی، بۆیە دەمانەوێت یاساکە بگۆرین بۆ ئەوەی شوێنی ئەوانیش ببێتەوە و بەپێی مەرجی تازە رۆژنامەنووس ببنە ئەندام".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار