خەسرۆ گۆران بۆ KDP: نامانەوێت ھەڵبژاردن دوا بخرێت

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاشکرایکرد، تا ئێستا لایەنەکان لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و ئەمەش ھۆکارە بۆ ئەوەی پرۆسەکە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەنەچێت.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکان لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێم بەمەبەستی لێک نزیکبوونەوەی لایەنەکان بووە لەبارەی پرۆسەی ھەڵبژاردن، بەڵام ئەگەرچی لە ھەندێ خاڵدا لێک نزیکبوونەوە ھەبووە لە ھەندێ خاڵیش بۆچوونی جیاواز ھەیە، لەبەر ئەوەش تا ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن ".
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی گوتیشی: "بەھۆی نەبوونی کاتی پێویست پرۆسەی ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەناچێت لە ١ی ئۆکتۆبەری داھاتوو ھەڵبژاردن دوا دەخرێت، بۆیە پێویستە لایەنەکانی نێو پەرلەمان بگەنە رێککەوتن بۆ دیاریکردنی وادەیەکی دیکەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن ".
خەسرۆ گۆران ڕوونیشیکردەوە: "پارتی تا ئێستا جدیە لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا، چونکە نامانەوێت بەھۆی ھیچ بەھانەیەکەوە ھەڵبژاردن دوا بخرێت، چونکە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی دیاریکردووە و نامانەوێ دوا بکەوێت، بەڵام بەھۆی کارانەبوونەوەی کۆمیسیۆن ئاستەنگ ھەیە لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان ".
قائید میرۆ




