حوسێن قائیدی: ھێشتا بەشێک لە ڕفێندراوانی ئێزدی لە مووسڵ و دەوروبەری ماون
__2022_07_25_h15m49s6__ER.jpg)
دهۆک -KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی ڕفێندراوانی کوردی ئێزدی ئاشکرای کرد، ھەوڵەکان بۆ ڕزگاکردنی ھاووڵاتییانی ئێزدی بەردەوامن و پێشبینی دەکەین ھێشتا بەشێک لەو ھاووڵاتییە ئێزدییانەی داعش ڕفاندوونی لە شاری مووسڵ و دەوروبەری مابن لەنێو ئەو خێزانانەی پێشتر سەر بە داعش بوون.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕفێندراوانی ئێزدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سەرەتای ھێرشەکانی داعشەوە بۆ سەر شنگال و ناوچەکانی دیکە شەش ھەزار و ٤١٧ ھاووڵاتیی سڤیلی کوردی ئێزدی کەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعشەوە و ڕفێندراون، دوای دامەزراندنی نووسینگەی ڕفێندراون تا ئێستا توانیومانە لەو ژمارەیە سێ ھەزار و ٥٥٤ کەسیان ڕزگار بکەین و ئەوانی دیکەش ھێشتا ماون و ڕزگار نەکراون.''
بەرپرسی نووسینگەی ڕفێندراوان دەشڵێت: ''نووسینگەی ڕفێندراوی ئێزدی لەسەر ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت، تا یەک کەس مابێت، بۆ ئەوەی ڕزگار بکرێت، چونکە ھێشتا ژمارەیەکی زۆری ژن و پیاو و منداڵ لە دەست تیرۆریستانی داعشدا ماون.''
حوسێن قائیدی ڕوونیشی کردەوە: ''ئێمە ژمارەیەک دۆسیەمان کردووەتەوە لەبارەی شوێنی ڕفێندراوانەوە، لەوانەش بەشێک لە ڕفێندراوانی کوردی ئێزدی لە مووسڵ و دەوروبەری لەنێو خێزانەکانی داعشدان، چونکە پێشتر مووسڵ لەژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعشدا بووە، ھەروەھا بەشێکی دیکە بۆ ڕۆژئاوا ڕفێندراون و لەنێو ئەو خێزانانەدان کە پێشتر سەر بە داعش بوون، لەنێو کەمپی ھۆڵ و شوێنی دیکەن.''
قائید میرۆ




