سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن: ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دوادەکەوێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، تازە ناتوانن ھەڵبژاردن لە وادەی خۆی ئەنجامبدەن و دوادەخرێت، چونکە شەش مانگیان پێویستە تەنھا تا ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردن دەکەن و پەرلەمانیش مانگێکی پێویستە بۆ یەکلاییکردنەوەی کۆمیسیۆن و ھەڵبژاردن و مانگێکیش لەدوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردن پێویستە تا بەفەرمیی رادەگەیەندرێت، بۆیە دوادەکەوێت و گرنگە پەلەی لێ بکرێت.
ھەندرێن محەمەد ساڵح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەر چەندە وادەی ھەڵبژاردن دیاریکراوە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ، بەڵام تا ئێستا رێککەوتن نەکراوە و پەرلەمان ھیچی نەکردووە، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ لایەنەکان بگەنە رێککەوتن، پەرلەمان مانگێکی پێویستە تا سیستەمی ھەڵبژاردن و کۆمیسیۆن یەکلایی دەکاتەوە و دواتر ئێمەش شەش مانگمان پێویستە تا ئامادەکاری بکەین بۆ ھەڵبژاردن، لەو رۆژە ئێمە ڕادەسپێرن و دوای ھەڵبژاردنیش مانگێکمان پێویستە تا ئەنجامەکان دەبنە فەرمیی، بۆیە ھەشت مانگی پێویستە لەو رۆژەی رێککەوتن دەکرێت ".
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "پێویستە لایەنەکان پەلە بکەن لە رێککەوتن، ئەگەرنا ئەنجامدانی ھەڵبژاردن زۆر دوادەکەوێت و ئێمەش بەھۆی ئەوەی وادەکەمان بەسەر چووە ناتوانین ھیچ کارێک ئەنجامبدەین، کە چەندین جار داوامان کردووە پرسی کۆمیسیۆن یەکلایی بکرێتەوە ".
بڵند ئیبراھیم




