" یەکەم کۆبوونەوەی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەک بەڕێوە چوو"

هەولێر -KDP.info- بەهۆی ئەو هەموو ڕووداوی کوشتنەی بەبێ هۆکار و بە چەکی بێمۆڵەت لەلایەن هاووڵاتیانەوە ڕوو دەدات، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دا هەرکەسێک چەکی بێمۆڵەتی هەیە ڕادەستی حکوومەتی بکات و شوێنەکانی مامەڵە و فرۆشتنی چەک دابخرێن و بریکاری وەزارەتی ناخۆش دەڵێت، ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی بۆ ئەم هەڵمەتە بەڕێوە چوو.
ئەمڕۆ ٢٤ی ٧ی ٢٠٢٢ یەکەم کۆبوونەوە، بە سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆ، ڕێبەر ئەحمەد و بەئامادەبوونی لیوا چەتۆ ساڵح، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ و سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوە چوو کە لێرەبەدواوە لیژنەكە ئیجرائات دەكات.
لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت و داخستنی شوێنی چەکفرۆشتن کۆ بووەوە و ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنییە کە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت لە هەرێمی کوردستان پێک هێنراوە، کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ بەڕێوە چوو، تێیدا باس لە بەڕێوەچوونی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت کرا کە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دەستی پێ کردووە''.
لیوا چەتۆ گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کرا، لەوانە جێبەجێکردنی یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان، ڕووداوەکانی کوشتن بە چەک، هەڵمەتەکە بە چ شێوازێک بەردەوام بێت، دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ وەرگرتنەوەی چەک لەو کەسانەی چەکی بەمۆڵەتیان پێیە و ئەرکیان هەیە، بەتایبەتی لە دەزگا ئەمنییەکان، کە چۆن چەک نەبەنەوە ماڵەوە، ڕادەستکردنەوەی چەک لەلایەن هاووڵاتییانەوە کە لێرەبەدواوە ئیجرائات دەکەن."
فایزە کۆیی




