٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمەریکا چۆن دەڕوانێتە پێگەی کوردستان؟

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- لە دوای سەردانی سەرۆکی ئەمەریکا، جۆ بایدن، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین، چەندین پرس باس کران، لەوانەش ئەمنیەت و سەقامگیری و شەراکەت و کەمکردنی گرژییەکان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتان و هەمووی ئەمانە بابەتی سەرەکیی سەردانەکەی جۆ بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین بوون کە لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە پێشوازییەکی گەورەی لێ کرا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی، مەسرور بارزانی، نامەیەکی بۆ جۆ بایدن نارد کە لە نامەکەیدا هاتبوو: ''مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا پارێزراو بن''، دواتر جۆ بایدن داوای لە مستەفا کازمی کرد ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، بۆیە ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکاندان و دەربارەی ئەم بابەتەش مەسرور بارزانی سەردانی بەغدای کرد.

لەم بارەیەوە، د. ئیبراهیم شەرەفانی، ڕاوێژکاری یاسایی و ستراتیژیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکی هەستیاردایە و چەندین بابەتی گرنگ لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، ئەمەش لە دوای سەردانی بایدن بۆ سعوودیە دێت و ئەویش داوای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەکات.''

گوتیشی: ''ئاماژەدان بە پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ئەجێندای سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندایە بۆ بەغدا، لە لایەکی دیکەشەوە ئەجێندای سەرەکی و گرنگ بابەتە دەستوورییەکانن کە ماوەیەکی دوورودرێژە ئەم پرسە لە عێراقدا هەیە؛ بەتایبەت مەلەفی نەوت و شایستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەش دانوستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا بەردەوام دەبێت تاکوو ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم پرسە ببینرێتەوە و هەموو ئەمانە لەم کاتەدا گرنگییەکی زۆریان هەیە.''

د. ئیبراهیم شەرەفانی ئاماژەی بەوەش دا: ''جۆ بایدن جەختی لەسەر سەقامگیری و سەروەریی خاکی عێراق کردەوە و بۆ ئەوەی ئەم سەقامگیری و ئەمنیەتە بەردەوام بێت، دەبێت کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن، لەم بارەیەوەشەوە ئەمەریکا دەزانێت پێگەی هەرێمی کوردستان لەڕووی جیۆپۆلیتیکەوە گرنگ و گەورەیە و بەهۆی ئەوەیشی کە هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە لە بواری نەوتدا کاری کردووە، ئێستا لە بواری وزەدا گرنگییەکی گەورەی هەیە لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی و بۆ ئەورووپا و ئەمەریکا گرنگە سەقامگیری لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە هەبێت''.

ئەم ڕاوێژکارە یاسایی و ستراتیژییە دەشڵێت: ''ئەمەریکا دەیەوێت پرسی نەوت و غاز و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە دیالۆگ و بەپێی دەستوور کاریان لەسەر بکرێت و چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوە، هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادە بووە بە ئاشتیانە و دیالۆگ پرسەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام هیچ جارێکیش ئاماد نییە تەنازول لەسەر پرسە دەستوورییەکان بکات''.

باسی لەوەش کرد: ''چەندین ساڵە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات ئەم پرسانە چارسەر بکرێن، کەچی عەقڵیەتێک لە عێراقدا هەیە دەیانەوێت خۆیان بسەپێنێن، بەڵام هیچ جارێک هەرێمی کوردستان دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت، چونکە ئەم مەلەفانە زۆر گرنگن و دەبێت چارەسەر بکرێن؛ یەکەم، ناوچە کوردستانییەکان دەبێت بەپێی ماددەی ١٤٠ چارەسەر بکرێن و دووەم، پرسی مەلەفی نەوت و گاز مافی هەرێمی کوردستانە کە دەبێت بەپێی ماددەکانی ١١٠ و ١٢٠ و ١١٥ و ١٢١ی دەستوور چارسەر بکرێت، سێێەم، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چوارەم، پرسی پێشمەرگە و، هەمووی ئەمانە پرسی سەرەکیی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن''.

گوتیشی: ''دەبێت زەمانەتێک هەبێت کە ئەمانە لە بواری پراکتیکیدا چارەسەر بکرێن، چونکە ئەم کێشانە زیانیان بۆ بەغدا و هەرێمی کوردستان هەیە و دەبێت ئەم کولتوورە سیاسییە نەمێنێت کە کوردستان بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان ببین، بەڵکوو بەهێزبوونی پێگەی کوردستان لە بەرژەوەندیی عێراقدایە''.

کــاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار