ھەدار بارزانی: پشتڕاست بۆتەوە كه ڕوفاتی بارزانیەکانن.. ڕوفاتەکان ئامادەن بۆ گەڕانەوە

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە لەچەند رۆژی داھاتوو ڕوفاتی ١٠٠ بارزانی بگەڕێندرێنەوە ھەرێمی کوردستان و پارێزەرێکی کەیسی بارزانیەکانیش دەڵێ، گۆڕە بە کۆمەڵەکە لە بیابانەکانی سەماوە دۆزراوەتەوە و پێشبینی دەکرێت ئەوانی دیکەش ھەر لەو ناوچەیە زیندەبەچاڵکرابن.
ھەدار بارزانی، پارێزەری کەیسی بارزانیەکان لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ڕوفاتی ئەو ١٠٠ جینۆسایدکراوەی بارزانیەکان لە بیابانەکانی سەماوەی باشووری عێراق دۆزراونەتەوە و پێشتر دوو گۆڕی دیکەی بە کۆمەڵی بارزانیەکان ھەر لەو شوێنە دۆزراونەتەوە لە دەڤەری بۆسەی نزیک سنووری وڵاتی سعودیە، کە ناوچەیەکی زۆر ئاڵۆزی بیابانە".
ئەو پارێزەرە بارزانیە دەشڵێت: "پێش دوو مانگ لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق ئاگادارکراومەتەوە لە ھەبوونی گۆڕێکی بە کۆمەڵی بارزانیەکان و دوای دەرھێنانی ڕوفاتەکان و ئەنجامدانی پشکنین پشتڕاست بوەتەوە ئەمانە ڕوفاتی بارزانیەکانن ".
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "حکوومەتی ھەرێم دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ گواستنەوەی ڕوفاتی بارزانیەکان لە بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان و لە رۆژی ٣١ی ئەم مانگە لە رێورەسمێکی شایستەدا لە ھەولێرەوە بەرەو بارزان بەڕێدەکرێن و لە گۆڕستانی بارزانیەکان بەخاک دەسپێردرێن ".
ھەدار بارزانی ئاشکرایکرد: "ڕوفاتەکان لە ئێستادا لە پزیشکی دادی بەغدا و ھەموو رێکارە یاسایی و زانستیەکان تەواوبوونە و ئامادەن بۆ گەڕانەوە، ئەمە سێیەم کاروانی ڕوفاتی بارزانیەکان لە بەغداوە دەگەڕێندرێنەوە ھەرێمی کوردستان و لەیادی ئەنفالی بارزانیەکاندا بەخاک دەسپێردرێن".
قائید میرۆ




