قایمقامی بەردەڕەش: بە گوژمەی ٣٢ ملیار دینار پڕۆژە لە بەردەڕەش جێبەجێ دەکرێت

قایمقامی قەزای بەردەڕەش ئاشکرای کرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوژمەی ٣٢ ملیار دیناری بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزای بەردەڕەش خەرج کردووە و دەشڵێت، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ژمارەیەک پڕۆژەی نوێ دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.
ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی بەردەڕەش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەیەکی زۆر بۆ قەزای بەردەڕەش خەرج کراوە و پڕۆژەکان ئێستا بە دوو قۆناغ کەوتوونەتە واری جێبەجێکردنەوە، لەوانەش بە گوژمەی ١٤ ملیار دینار پڕۆژەی جوراوجۆر جێبەجێ دەکرێن و ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە بە گوژمەی چوار ملیار و نیو خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە.''
قایمقامی بەردەڕەش گوتیشی: ''بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بخرێنە واری جێبەجێکردنەوە، کە بە گوژمەی نزیکەی ١٤ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن و کۆی پارەی خەرجکراو بۆ پڕۆژە نوێیەکانی بەردەڕەش ٣٢ ملیار دینارە.''
ئیسماعیل مستەفا ڕوونیشی کردەوە: ''پڕۆژەکانی بەردەڕەش بەسەر سنووری قەزاکەدا دابەش کراون و ھەموو بوارەکانی تەندروستی و پەروەردە و ڕێگاوبان و خزمەتگوزاریی گشتی لەخۆ گرتووە، بەتایبەتی چەند ڕێگەیەکی ستراتیژی لە بەردەڕەش جێبەجێ دەکرێن و لەسەر ڕەوشی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزاکە کاریگەرییان دەبێت.''
قائید میرۆ




