بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا: ژمارەیەک پەیمانگای پیشەیی ئەھلی دەکرێنەوە

هەولێر -KDP.info- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خەریکی کردنەوەی ژمارەیەک پەیمانگای ئەھلییە و بریکاری وەزارەتەکەش دەڵێت، پەیمانگاکان پیشەیین و لە پلان ھەیە لە ئاکرێ و گەرمیانیش زانکۆی نوێ بکرێنەوە.
د، عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیەک ھەیە بۆ کردنەوەی ژمارەیەک پەیمانگەی ئەھلی لە ھەرێمی کوردستان، ئەو پەیمانگایانەی دەکرێنەوە زیاتر پەیمانگای پیشەیی دەبن، ئەگەر ئەمساڵیش قوتابی وەرنەگیرێن لەو پەیمانگایانەدا ئەوە بۆ ساڵی داھاتوو دڵنیاین قوتابی لەو پەیمانگا ئەھلیانە وەردەگیرێن.''
بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "پلانمان ھەیە بۆ کردنەوەی دوو زانکۆی حکوومی لە ئاکرێ و گەرمیان، کردنەوەی ئەو دوو زانکۆیە لە قۆناغی کۆتاییدایە و ژێرخانی ھەردوو ناوچەش لەبارە بۆ کردنەوەی زانکۆ.''
پەیوەست بە کردنەوەی زانکۆی ئەھلی، د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق ڕوونی کردەوە: "زانکۆی ئەھلی لەڕووی ژمارەوە بەپێی پێویستی ھەیە، خواستیش ھەیە بۆ کردنەوەی زانکۆی نوێ، بەڵام ئێمە کێشەمان لە بەشی ھەندێ زانکۆ ھەیە، چونکە ھەندێ بەش ھەن لە زانکۆ ئەھلیەکان قوتابی نایەوێ تێیاندا بخوێنێت، تەنھا پێویستمان بە گۆڕینی بەشەکانە و ھەبوونی ئەو ژمارە زانکۆیەی ئێستا بۆ ھەرێمی کوردستان کەم نین.''
قائید میرۆ




