عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ: داستانی خواکوڕک بێئومێدی کرد بە سەرکەوتنێکی گەورە

هەولێر -KDP.info- لە یادی ٣٤ ساڵەی تۆمارکردنی داستانی بەناوبانگی خواکوڕکدا، بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان دەڵێت، داستانی خواکوڕک لە کاتی نائومێدی و تەنگانەدا ئومێد و سەرکەوتنی گەڕاندنەوە نێو شۆڕشی کورد.
ڕۆژی ١٩/٧/١٩٨٨، ڕژێمی ئەوکاتی عێراق ھەموو ھێزەکانی کۆ کردەوە و بە پیلانێکی تۆکمەی سەربازییەوە ھێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکانی سنووری دەڤەری خواکوڕک دەست پێ کرد و بەپێی تۆماری شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز، داستانی خواکوڕک گەورەترین داستان بووە تۆمار بکرێت و ماوەکەیشی نزیکەی دوو مانگی خایاند و تا ڕۆژی ٥/٩/١٩٨٨ شەڕ و پێکدادان هەر بەردەوام بووە.
عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ، بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''داستانی خواکوڕک مێژووی تۆمار کرد، چونکە بێئومێدییەکی زۆر لەنێو جەماوەر و ھێزی پێشمەرگەی کوردستاندا هەبوو، لەبەر ئەوەی ڕژێمی بەعس ھەموو توانایەکی خستبووە گەڕ بۆ کپکردنی شۆڕشی کورد، لە درێژەی شاڵاوەکانی ئەنفال و داگیرکردنی خاکی کوردستاندا ھێزەکانی ڕژێمی بەعس دەیانویست ڕێگەی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی پارتی نەھێڵن و لێکیان داببڕن، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بە سەرکردایەتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی لە دەڤەری خواکوڕک پێشی لە ھێرشی دوژمن گرت و لە ١٩/٧/١٩٨٨ەوە شەڕ دەستی پێ کرد و تا سەرەتای مانگی ئەیلوولی خایاند.''
بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان دەشڵێت: ''دوژمن ھەموو ھێزەکانی خۆی کۆ کردەوە و بە شێوەیەکی غرووری ویستی ھێرش بکاتە سەر پێشمەرگە و بە چەکی پێشکەوتووی ئەوکات و دەیان جۆر ھێز، ھێرشی کردە سەر ناوچەکە بۆ گرتنی ڕێگاکانی نێوان سەرکردایەتیی پارتی و ھێزی پێشمەرگە، بەڵام بەپێچەوانەوە سەرۆک بارزانی بە ورەیەکی بەرزەوە لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە، بەرەنگاری ھێرشەکانی دوژمن بوونەوە، جەماوەری کوردستانیش لە ئاوارەییدا بۆ گەیاندنی ھاوکاریی زۆر ھاوکاری پێشمەرگە بوون، ھەروەھا ھەبوونی سەرۆک بارزانی لە بەرەکانی جەنگ وەرچەرخانێکی گەورە بوو تا دوژمن بشکێت.''
عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''دوای زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ بەرەنگاربوونەوە، پێشمەرگە توانی گەورەترین سەرکەوتن تۆمار بکات و ھێرشەکانی ڕژێم بشکێنێت و زیانی زۆر گەورە بە ھێزەکانی دوژمن کەوت، لەوانەش بەدیلگرتنی ژمارەیەکی بەرچاوی سەربازی عێراقی و کوشتنی دەیانی دیکە، ئەو سەرکەوتنەوەیەی ڕژێم بۆخۆی دانابوو لە خواکوڕک بەپێچەوانەوە دەرچوو و پێشمەرگە سەرکەوتنی بەسەر دوژمندا تۆمار کرد.''
عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ گوتیشی: ''دوای کۆتاییھاتنی داستانی بەناوبانگی خواکوڕک، سەرۆک بارزانی گوتارێکی مێژوویی پێشکەش بە ھێزەکانی پێشمەرگە کرد و تێیدا فەرمووی، ماوەیەکی زۆری پێ ناچێت گۆڕانکاری لە عێراق ڕوو دەدات و داوای لە ھێزی پێشمەرگە کرد ئامادەکاری بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بکەن، ھێندەی پێ نەچوو پێشبینیی سەرۆک بارزانی ھاتە دی.''
قائید میرۆ




