پەرلەمانتارێکی پارتی: لە ٢٤ کاتژمێری داھاتوودا گۆڕانکاری لە پڕۆسەی سیاسیدا ڕوو دەدات

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چەندین کۆبوونەوەی گرینگ لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقەوە بەڕێوە دەچن و پەرلەمانتارێکی پارتییش ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ تا بەیانی گۆڕانکاری بەڕێوەیە و سبەی کۆبوونەوەیەکی دیکەی نێوان سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فڕاکسیۆنەکان بەڕێوە دەچێت.
د. سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوو ئەگەر ھەیە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆککۆمار کە بریتین لە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆمار، یان بەشداریی دوو کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی فڕاکسیۆنەکان و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پرسی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران لە یەکلاکردنەوە نزیک دەکەنەوە.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: ''ھەرسێ پرسی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، پێویستیی بە ھەماھەنگی ھەیە، چوارچێوەی ھەماھەنگی پێنج کاندیدی ھەیە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داھاتوودا کاندیدێک بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکلا بکرێتەوە.''
د. سەباح سوبحی ڕوونیشی کردەوە: ''ئەمڕۆ تا بەیانی ھەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن، ٢٤ کاتژمێری داھاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی سبەی، ئەنجامی ھەبێت، پێم وایە لە چەند کاتژمێری داھاتوودا گۆڕانکاری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا ڕوو بدات.''
قائید میرۆ




