٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای پێشمەرگە دێرینه‌كانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کردوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران گفتووگۆمان کردووە، کە پێداچوونەوە بەمافەکانی پێشمەرگە دێرینەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان دەکەن و پڕۆژە یاسایەکیش ئامادەکراوە کە کۆمەڵێک ئیمتیازاتیان پێ دەدرێت و ناسنامەیەکیان بۆ دروست بکرێت.

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، رێڤینگ ھروری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێشمەرگە دێرینەکان زۆرینەیان مەغدورن، بۆیە پڕۆژەیەکمان ھەیە بۆ ئەو پێشمەرگە دێرینەکان کە کۆمەڵێک ماف و ئیمتیازاتی بۆ دابنرێت کە لە وڵاتانیش وایە و ناسنامەیەک بۆ ئەو پێشمەرگانە دروست بکرێت و بچێتە ھەر شوێنێک بناسرێتەوە و رێزێکی تایبەتی لێ بگیرێت و ده‌وا و دەرمانیان بۆ دابینبکرێت و زۆرینەیان وەکو بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینکراون ٤٠% مووچەیان بڕدراوە بەھۆی چاکسازی کە ماوەی ساڵێکە بەو شێوەیە و بڕیارە پێداچوونەوەی پێدابکرێت، چونکە ناکرێت غەدر لە پێشمەرگەی دێرین بکرێت و پێداچوونەوە بەوە بکرێت کە ئەو پێشمەرگانەی خانەنشین دەبن خزمەتی خۆیان بێنن کە خزمەت دێنن بەپێی یاسا لەساڵی ١٩٦١ تا ١٩٩١ خزمەتیان ساڵێک بە دوو ساڵ حیساب بکرێت ".

رێڤینگ ھروری گوتیشی: "جگە لەوەش کە خزمەتی خۆیان دێنن بۆ خانەنشینی پێویستە پارەی خانەنشینی بدەن، بۆیە داواکراوە پێشمەرگەی دێرین ببەخشرێن، ھەروەھا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە کە پێداچوونەوەی بۆ بکەن و ئێمە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران دانیشتووین لەسەر ئەو بابەتەش ".

ھروری ڕوونیشیکردەوە: "جگە لەو مافانە کە بڕیارە له‌ ئەنجوومەنی وەزیران پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و پڕۆژە یاسایەکیش ئامادەکراوە کە کۆمەڵێک ماف و ئیمتیازات بە پێشمەرگە دێرینەکان دەدرێت، کە ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە و بێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت کە زۆر گرنگە بۆ پێشمەرگە دێرینەکان، ھاوکات ئەو کەسانەی کاتێک بەتەمەن دەبن کەسێک ھەبێت بەخێویان بکات و ڕۆژێک بۆ پێشمەرگە دیاری بکرێت و مامەڵەکانیان بەباشی بەرێوەبچێت و منداڵەکانی ھاوکاریان بکرێت و ئافرەتەکانیش ھاوکاری مادیان بکرێت وەکو رێزگرتنێک و ھەمواری مووچەی پێشمەرگەکانیش بکرێت یاخود مانگانە ھاوکاریەکیان بکەن ".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار