٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بۆ KDP: ئەمانە دەستکەوتی کابینەی نۆن و شانازیان پێوەدەکەین

سەرچاوە: KDP.info

راپەڕین-KDP.info- لە تەمەنی سێ ساڵەی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، چەندان پڕۆژەی گرنگ بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی بەردی بناغەیان داندراوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش دەڵێت، سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ دەستبەکاربوونی ھاتە ئیدارەی راپەڕین و چەندان پڕۆژە بەردی بناغەیان داندرا.

ھیوا قەرەنی عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆ ھەنگاوی زۆر باش نراوە، ئیدارەی راپەڕینیش پشکی بەرکەوتووە لەو ھەنگاوە باشانەی کابینەی نۆ ناویەتی، لە کابینەی نۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی شارەوانیەکان، وەبەرھێنان، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و لە چەند ڕۆژی ئایندە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە دەکرێتەوە، بڕیاری کردنەوەی چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی تری گشتی ھەیە، ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگی کاراکردنی ئیدارەی راپەڕین بووە لە لایەن کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە".

ھیوا قەرەنی گوتیشی: "لەگەڵ دەستبەکاربوونی جەنابی مەسروور بارزانی بە سەرۆکی حکوومەت سەردانی ئیدارەی راپەڕینی کردووە بەردی بناغەی چەندین پڕۆژە داندراوە و بەڵێنی چەندین پڕۆژەش دراوە، پردی دەربەندی رانیە ٦٠% کارەکانی تەواو بووە بوودجەکەی سەروو ١١ ملیار دینارە، جوودسایدی ناو بازاڕی رانیە ٨٠% کارەکانی تەواو بوون، ھەرچەندە ئێستا کاریان تێدا وەستاوە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ھەیە، کارکردن تێیاندا دەست پێبکاتەوە".

قەرەنی ده‌شڵێ: "پڕۆژەی شەقامی ٦٠ مەتری قەڵادزێ کاری تێداکراوە، چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵ بوودجەی بۆ تەرخانبکرێت و تەواو بکرێت، پڕۆژەی شەقامی چوارقورنە ٩٠% کارەکانی تەواو بوون، نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی ئیدارەی راپەڕین، کە بە دوو زۆن بوو زۆنی رانیە جێبەجێکرا و زۆنی پشدەریش بەم زوانە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، بوودجەکەیان یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بووە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "کۆمەڵێ پڕۆژەش لەماوەی رابردوو وەستابوون بەگەڕ خراونەتەوە و تواندرا کاری خێرایان تێدا بکرێت، ئومێدمان ھەیە تەواوی ئەو پڕۆژانەی کارکردن تێیاندا وەستاوە کارکردن تێیاندا دەست پێبکاتەوە و تەواو بکرێن، ھاوکات دەشڵێ، پڕۆژەی دروستکردنی سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک خزمەتی تەواوی سنووری ئیدارەی رانیە دەکات و بوودجەکەی زیاتر لە یەک ملیار دینارە".

ناوبراو زیاتر گوتی: "پڕۆژەی ئاوی رانیە بوودجەی پێویستی بۆ تەرخانکراوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا کارکردن تێدا دەستپێدەکات لەلایەن ئەو بەڵێندەرەی پڕۆژەکەی بۆ دەرچووە بۆ رانیە و حاجیاوا و چوارقورنەیە، ھەروەھا بڕیاری دامەزراندن و دانانی پڕۆژەی وێزگەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە قەڵادزێ بڕی ٥٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت، چاوەڕێین کۆمپانیا بێت کارکردن تێدا دەست پێبکات، وە ڕاکێشانی ھێڵێکی پەستان بەرزی ھێڵی کارەبا لەڕووی ژێرخانی کارەبا بۆ راپەڕین پڕۆژەیەکی گرنگە و بوودجەکەی ٣٢ ملیار دینارە، کە کاری تێدادەکرێت بەشی زۆری تەواو بووە، ئەمانە دەستکەوتی کابینەی نۆن و شانازیان پێوەدەکەین و بووەتە جێگای ویست و ڕەزامەندی ھاووڵاتییان".

سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕێن دەشڵێت: "داوا دەکەین لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ باشبوونی دۆخی ئابووری کوردستان، مانگانە بوودجەیەکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لە پڕۆژەکان تەرخان بکات، پڕۆژەکانی سنووری رانیە بەشێکی زۆریان کاری زۆریان تەواو بووە بەتەواوکردنیان بڕۆنە سەر خەرمانی دەستکەوتەکانی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار