محەمەد شوکری: مانگی 8 دەست بە جێبەجێکردنی 20 ھەزار شوقەكه دهکەین

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی، ھەوڵدەدەین تا ھەفتەی داھاتوو کارەکانمان بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار شوقە لە ھەرێمی کوردستان تەواو بێت و لە سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، کە ھەوڵدەدەین زیاتر لە ٢٠ ھەزار شوقە دروستبکرێت، بۆ ئەوەی ھاووڵاتیەکی زیاتر لێی سودمەند بێت.
دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە لە قۆناغی دابینکردنی زەویداین و ئەو قۆناغە لە ھەندێک شوێن زەوی دابینکراوە و لە ھەندێک شوێنیش ئۆفەری خۆمان داوەتە وەبەرھێنەران کێ باشترین پێشکەش دەکات کە ئەوە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە و پرسی جیاکردنەوەی شوقەکان ٨٠ مەتری و ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری کە بۆ ھەر قەزا و ناحیەیهک چەندبێت و بەردەوام کاری بۆ دەکەین بۆ ئەوەی تا ھەفتەی داھاتوو ئۆفەری وەبەرھێنەران وەرگرین و زەویش تەرخان بکەین و سەرەتای مانگی ھەشت دەست بە جێبەجێکردنی پرۆسەکە بکەین".
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: "ھەماھەنگیمان لەگەڵ دەستەی ئامار کردووە بزانین لە ھەر قەزا و ناوچەیهك چەندیان بەردەکەوێت ھەوڵیش دەدەین شوقەی زیاتر دروستبکرێت، بۆیە ھەوڵدەدەین کە زیاتر لە ٢٠ ھەزار شوقە دروست بکەین کە خەڵکێکی زیاتر سودمەند بێت".
بڵند ئیبراھیم




