٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بۆ KDP: زۆر پڕۆژەی ستراتیجی دەخرێنە بواری جێبەجێکردنه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێ، بەر لە ھاتنی وەرزی زستان زۆرترین پڕۆژە جێبەجێ دەکەین لە گشت بوارەکانی رێگاوبان و ئاو و کارەبا بۆ دەورووبەری سۆران و ناو سۆران ده‌شڵێ، پڕۆژەکان لەم ماوەیە دەخرێنە بواری کارەوە.

لە ١٤-٩-٢٠٢١، لە دووەم ساڵی کابینەی نۆیەم، بە بڕیارێک لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاگەیەندرا کە ئیدارەی سۆران لە قەزاکانی، سۆران، رواندز، چۆمان و مێرگەسور پێکدێت و ھەڵگورد شێخ نەجیب وەک سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکە دەست نیشانکرا.

لەم بارەیەوە، ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ بۆ سۆران لە کاتێکی گونجاو بوو، ھەولێر بۆخۆی بووە بە شارێکی زۆر گەورە و قەرەباڵغ، خەڵکی سۆران سوودی گەورەیان لەم بڕیارە بینیوە، ھەتا فەرمانگەکانی سۆران و خودی پارێزگای ھەولێریش سوودیان بینیوە ئاسانکاری بووە لەڕووی کار و ڕۆتینیاتەوە، خەڵکی سۆران دەبوایە ڕێگایەکی دوور ببڕێت بۆ مامەڵە و کارەکانی فەرمانگەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکان، ھەندێک بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە سۆران تەواو بووە و کەمێکیان ماون.

شێخ نەجیب گوتیشی: "ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ھاووڵاتیانی چۆمان یاخود سیدەکان و دەورووبەری کراوە، ھەروەھا ئێستا ئەم ئاسانکارییەش ھەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان ڕاستەوخۆ کارەکانیان بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەنێرن، ئەم فلتەرە نەماوە و پێویست ناکات بچێتەوە فەرمانگە گشتییەکانی ھەولێر، کارەکان بە خێراییەکی زۆر تەواو دەبن و چەند ھەفتە و ڕۆژێکی پێناچێت، ئەمانە لە ڕووی ئیداریەوە بوو.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەڕووی خزمەتگوزارییەوە دەڵێت: "پێشتر پارێزگاری ھەولێر ھەر فریای کێشەکانی سەنتەری ھەولێر و دەورووبەری دەکەوێت، بەڵام ئێستا ئێمە ئەم ھەلەمان ھەیە و خۆمان پلانەکان بۆ سۆران دادەنێن کە لەنێو شوێنەکەداین زیاتر دەزانین، جیا لەوەی لە ڕابردوو لە ھەولێر پڕۆژە و پلانەکانمان بۆ دادەنرا، لەم کاتەوە لەڕووی پڕۆژە ستراتیجییەکانەوە وەک پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، زۆر پڕۆژەی ستراتیجی لە بەرنامەماندایە دەخرێنە بواری جێبەجێکردن، ھەروەھا لە ڕووی گەشتوگوزارەوە سەدا ٨٠ـی گەشتوگوزاری ھەولێر پێکدەھێنێت و لە کەرتی گەشتوگوزار بەرنامەیەکی تۆکمەمان داناوە چۆن بتوانین زۆرترین قازانج بکەین و بەتایبەت خەڵکی ناوچەکە و حکوومەتیش بتوانن سوود لەم کەرتە وەربگرن.

ھەڵگورد شێخ نەجیب، ئاماژە بەوەشدەکات: "بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیش کە ئێستا ڕاستەوخۆ لەسۆران جێبەجێ دەکرێت، بۆ زانیاری لەماوەی ئەم دوو مانگە بەر لە ھاتنی وەرزی زستان زۆرترین پڕۆژە جێبەجێ دەکەین لە گشت بوارەکانی رێگاوبان و ئاو و کارەبا بۆ دەورووبەری سۆران و ناو سۆران، پڕۆژەکان لەم ماوەیە دەخرێنە بواری کارەوە، ئەگەر ئیدارەیەکی سەربەخۆ نەبوایە وا بە ئاسانی و زوویی کارەکانمان ڕایی نەدەبوو، ئەم ھەموو ھاتووچۆیەی ھەولێر زەحمەت بوو لە ڕابردوو ئێستا کارمان زۆر ئاسانبووە و کارەکانمان بەشێوەیەکی ڕێکتر ڕایی دەبێت.

 

فایزە کۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار