٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ KDP: دروستکردنی خانووی شوشەیی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، وەکو ھەنگاوی یەکەم چوار پڕۆژەی دروستکردنی خانووی شوشەیی کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەشێوەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ھۆڵەندا دروست دەکرێن و بەرھەمیشیان چوار وەرزی دەبێت.

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، حوسێن حەمە کەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ئێستادا چوار پڕۆژەی دروستکردنی خانووی شوشەیی لە بواری جێبەجێکردندان کە دووانیان لەگەڵ وڵاتی ھۆڵەندا و یەکێکیش لەوانە ھاوبەشە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و دانەیەکیش تورکی و ئەوەی دیکەش لە عەلوەی ھاوچەرخی ھەولێرە، ئەمەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ھۆڵەندییە، ئەوەی عەلوەی ھەولێر زۆر گەورەیە و ئەوانەی دیکەش یەک ھێکتار و دوو ھێکتارە و وەکو سەرەتا زۆر باشە، کە بەشێوەی ڕووبەرە و ھەر ھێکتارێک چوار دۆنمە".

حوسێن حەمە کەریم گوتیشی: "ئێستا پڕۆژەکان لەبواری جێبەجێکردندان و ڕەنگە تا کۆتایی ساڵ تەواو بن و بەرھەمیش لەو خانووانە چوار وەرزی دەبێت، چونکە زۆر جیاوازن لەگەڵ پلاستیکی و بەشێوەیەکی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ھۆڵەندی دروست دەکرێن، ئەمەش وا دەکات لە شێوازی تەقلیدی بۆ ئەو شێوازە نوێیە بگۆڕدرێن کارەکان".

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار