فەرماندەیەکی پاسەوانی سنوور: لەپێناو گەڕانەوەی زیاتری ئارامی خاڵەکانی سنوور زیاد دهکرێن

دھۆک-KDP.info- بەھۆی ناسەقامگیری سەر سنوور ژمارەیەکی بەرچاوی گوندە سنووریەکان مەترسیان لەسەرە و فەرماندەیەکی پاسەوانی سنووریش دەڵێ، بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی پۆلیسی سنوور لە ٢١ خاڵ بەدرێژایی سنووری نێوان پارێزگای دھۆک جێگیرکراون.
عەمید دلێر فەرزندە، فەرماندەی پاسەوانی سنوور لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەپێی پلانی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور لەناوچەی یەک بەر لە دوو ساڵ بڕیاردرا بە درێژایی سنووری پارێزگای دھۆک لەگەڵ تورکیا خاڵی پۆلیسی سنووری جێگیربکرێت و بەدرێژایی ١٠٠ کم تا ئێستا ٢١ خاڵی سەربازی جێگیرکراون و لەلایەن ھێزەکانی پاسەوانی سنوور پارێزگاری لە ناوچەکە دەکرێت".
فەرماندەکەی پاسەوانی سنوور گوتی: "سێ خاڵی نوێ لە سنووری قەزای باتۆفەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆ جێگیرکراون، پێشتر ئەو ناوچەیە بەھۆی نا سەقامگیری سنوورەوە مەترسی لەسەربوو، بەڵام دوای جێگیرکردنی پاسەوانی سنوور ئارامی گەڕاوەتەوە دەڤەری باتۆفە، بەتایبەتی ناوچەیەکی گرینگە لەڕووی گەشتیاریەوە".
عەمید دلێر فەرزندە روونیکردەوە: "پلان ھەیە خاڵەکانی سنووری زیاد بکرێن ئەوەش لەپێناو گەڕانەوەی زیاتری ئارامی بۆ ناوچە سنووریەکانی پارێزگای دھۆک، چونکە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بەھۆی ئاڵۆزیەکانی سەر سنوور مەترسی لەسەر ھاووڵاتیان و گوندنشینانی چەندین ناوچە ھەبووە".
قائید میرۆ




