٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەجات حەسەن: پێنج لیژنەی دیکە بۆ ئامادەکاری کۆنگرەی پارتی پێکدێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی باڵای بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٤ی پارتی ئاشکرایکرد، ھەنگاوی باش نراون بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پارتی و دەشڵێ، پێنج لیژنەی دیکە بۆ ئامادەکاریەکانی کۆنگرە پێکدێن.

نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئامادەکاریەکان بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی ١٤ی پارتیمان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچن و تا ئێستا ھەنگاوی باش نراون و پێشوازیەکی زۆر گەرم لە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٤ی پارتیمان دەکرێت لە لایەن ئەندام و کادیرانی پارتی لە ھەموو دەڤەرەکان ئەوەش نیشانەی نوێبوونەوەی پارتیە لە قۆناغی داھاتوودا ".

جێگری سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریەکانی کۆنگرەی پارتی دەشڵێت: "بڕیارە پێنج لیژنە بۆ پێنج پارێزگا پێکبێن و ئەو لیژنانە کار لە سنووری پارێزگای خۆیان دەکەن بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی ١٤ی پارتیمان، جگە لە سەرۆک ژمارەیەک کادیریش ئەندامی لیژنە لاوەکیەکان دەبن".

نەجات حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ھێشتا نەچووینەتە نێو ھەندێ وردەکاری، بەڵام رۆژانی داھاتوو زۆر بابەتی کۆنگرە یەکلا دەکرێنەوە لەوانەش رێژەی نوێنەری ئەندامان، واتە چەند ئەندامی حزب نوێنەری بۆ کۆنگرە دەبێت و دەمانەوێت کۆنگرەیەکی نەوعی بکرێت لەپێناو زیاتر خزمەتکردن و سەرخستنی پارتیمان".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار