٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رووفاتی ١٠٠ جینۆسایدکراوی بارزانی دەگەڕێندرێتەوە ھەرێم

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە رووفاتی ١٠٠ جینۆسایدکراوی بارزانی بگەڕێندرێنەوە کوردستان و بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانیش دەڵێ، مەراسمێک بۆ ھێنانەوەی رووفاتی بارزانییەکان بەڕێوەدەچێت.

حاکم عادل، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیارە رۆژی ٣٠ی ئەم مانگە رووفاتی ١٠٠ جینۆسایدکراوی بارزانی لە باشووری عێراقەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و دواتر لە زێدی خۆیان ئەسپاردەی خاکی پیرۆزی کوردستان بکرێن".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی گوتی: "مەراسیمێک بۆ ھێنانەوەی رووفاتی بارزانییەکان رێکدەخرێت و تێدا لایەنە پەیوەندارەکان و ھەرسێ سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری دەکەن دواتر بەڕێدەکرێن بۆ دەڤەری بازران".

رۆژی ٣١ی٧ی١٩٨٣، رژێمی بەعسی لەناوچوو لە ھەڵمەتێکی دڕندانەی دژ بە ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی لە کۆمەڵگەکانی قوشتەپە و بەحرکە و ھەریر و دیانە ھەشت ھەزار ھاووڵاتی سڤیلی ئەنفالکرد و دواتر لە بیابانەکانی عێراق زیندە بەچاڵکران.

ھاوکات رێبوار بارزانی، بەڕێوەبەری شەھید و ئەنفالکراوانی بارزان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ رووفاتی بارزانیەکان گەڕێندراونەتەوە خاکی باب و باپیران و ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و ھێنانەوە ھەموو رووفاتەکان دەدرێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار