نێچیرڤان بارزانى به‌شداریى ڕێوڕه‌سمى پێشوازى له ته‌رمى عه‌لى قازى ده‌كات

هەولێر-KDP.info- پێشنیوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 18/7/2022 بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەت و نوێنەرانی پارت و لایەنە كوردستانییەكان و بنه‌ماڵه‌ى قازى، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕێوڕەسمی پێشوازیكردن لە ته‌رمى خوالێخۆشبوو عەلی قازی، كوڕی پێشەوا قازی محەمەد بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ڕۆژتان باش،
ئه‌مڕۆ هه‌موومان پێكه‌وه له‌م ڕێوڕه‌سمه ماته‌مینه‌دا به‌شدارین، تاكو به ڕێز و شكۆوه پێشوازى له ته‌رمى خوالێخۆشبوو عه‌لى قازى، كوڕى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌دى نه‌مر بكه‌ین.
خوالێخۆشبوو عه‌لى قازى، كوڕى ڕه‌ش، له‌به‌ر مێژوو و پێگه‌ى بنه‌ماڵه‌كه‌ى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یادگارى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌دى نه‌مر بوو، به درێژایى ته‌مه‌نى خۆى، ناچار بووه به‌رگه‌ى زۆر سه‌ختى و زه‌حمه‌تى و په‌نابه‌رى و دوورهوڵاتى و ئازاره‌كانى بگرێت. هه‌میشه له خه‌مى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و یه‌كێتیى گه‌له‌كه‌یدا بووه. تا دوایین هه‌ناسه‌ش كه له سه‌ره‌مه‌رگدا بوو، وه‌ك له‌سه‌ر شاشه‌ى ته‌له‌ڤزیۆن بینیمان، زۆر به دڵسۆزى و بە پەرۆشەوە داواى یه‌كڕیزى و ته‌بایى گه‌له‌كه‌ى ده‌كرد. هه‌رگیز له خه‌مى گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی دوورنەدەكەوت. له هه‌ر كوێ ده‌رفه‌تى هه‌بووایه، به دواى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى گه‌له‌كه‌ی بوو. ئه‌مه‌یشى له پێشه‌وا قازیى باوكییه‌وه بۆی مابووه‌وه. پێشه‌واى نه‌مریش تا دوایین وه‌سیه‌تیشی هەر ئەوە بوو كە یەكڕیزی و یەكگرتوویی و تەباییی گەلەكەی داوا دەكرد.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
ئه‌مڕۆ كه هه‌موومان پێكه‌وه لێره‌ین، بۆ ئه‌وه‌یه ڕێز له پێگه و خه‌بات و تێكۆشانى پێشه‌وا قازى و بنه‌ماڵه به‌ڕێزه‌كه‌یان و قوربانیدانیان له‌پێناو گه‌ل و لەپێناو وڵاته‌كه‌یاندا بەرز بنرخێنین. پێشه‌وا له‌پێناو ماف و ژیانێكی شایسته و باشتر بۆ گه‌له‌كه‌ی، له‌پێناو كۆتاییهێنان به نكۆڵیكاری و چه‌وسانه‌وه، له قۆناغێكی یه‌كجار دژوار‌دا ڕابه‌رایه‌تیی میلله‌ته‌كه‌ی كرد، دواجاریش مه‌ردانه چووه به‌ر په‌تی سێداره و هه‌ر له‌و پێناوه‌دا گیانی خۆی به‌خشی. پێشه‌وا به‌و قوربانیدانه‌ی، بووه سیمبۆلێكی زیندووی خۆبه‌ختكردن له مێژووی گه‌لى كوردستاندا و بووه به‌شێك له یاده‌وه‌ریی هه‌میشه زیندووی نه‌وەی دوای خۆی.
ئێمه كاتێ له ڕێوره‌سمی ماڵئاوایی له كوڕ و یادگاری ئه‌و سه‌ركرده نه‌مره‌دا وه‌ستاوین، مێژووی پر شانازیی كۆماری كوردستان و به‌ها به‌رزه‌كانی هاوبەشیی نه‌ته‌وه‌یی و به‌هاناوه‌چوونی بارزانییه‌كان و تێكۆشه‌رانی دیكه، بۆ داكۆكیكردن له كۆمار و داستانی په‌ڕینه‌وه له چه‌مى ئاراس دێنینه‌وه یاد. له كاتێكدا به ڕێز و شكۆوه له خه‌باتی پێشه‌وا قازی و بارزانیی نه‌مر و هاوسهنگهرهكانیان ده‌ڕوانین، هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده و تێكۆشه‌ر و خهباتكارانهمان دێتەوە یاد كه به درێژاییی زیاتر له سه‌د ساڵ، به هه‌ر ڕێگه و بە هەر شێوەیەك بۆیان كرابێت، خەباتیان كردووە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلەكەیان و بوونه قوتابخانه و ڕێنیشانده‌ر و هه‌وێنی درێژه‌پێدانی تێكۆشانی نەوەی داهاتووی دوای خۆیان.
مێژووی گه‌لی كوردستان، مێژووی هه‌وڵ و تێكۆشانى میلله‌تێكه كه ویستوویه‌تی و ده‌یه‌وێت دوور له غه‌در و پێشێلكردنى ماف، له سایه‌ی دانپێدانانی مافه ڕه‌واكانیدا، به ئاشتی و برایه‌تی، پێكه‌وه له‌گه‌ڵ میلله‌ت و گه‌لانى برا و هاونیشتمان و هاوچاره‌نووسیدا بژیت. گه‌لێك، هه‌میشه ویستوویه‌تی كێشهیەكهى سیاسییانە، به ئاشتی و لێكگه‌یشتن و دوور له شه‌ڕ و كاولكاری چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێتەوە.
گه‌لێك، ویستویه‌تی و ده‌یه‌وێت وه‌ك گه‌لێكى گه‌وره‌ى ناوچه‌كه، پێگه‌ی زه‌وتكراوی خۆی وه‌ربگرێته‌وه و مافه‌كانی بسه‌لمێنرێن، تا بتوانێت ببێته هاوبه‌ش و فاكته‌رێكی به‌هێزی ئاشته‌وایی و سه‌قامگیری و پێشكه‌وتن كه خزمه‌ت به كۆی میلله‌تانی ناوچه‌كه بكات. ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به ده‌ست شه‌ڕ و ناسه‌قامگیری و ململانێی بێ كۆتاییه‌وه، زۆرى چه‌شتووه و زۆر ده‌رفه‌تیش له ده‌ست ڕۆیشتووە. ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت په‌یامی گه‌لی كوردستان هه‌ر ئه‌و په‌یامه‌یه و ئەوە ته‌نیا و ته‌نیا په‌یامی ئاشتی و چاره‌سه‌ری ئاشتییانه و خواستی پێكه‌وه‌ژیانی برایانه‌یه له‌گه‌ڵ هاونیشتمانییه‌كانمان و گه‌لانی برامان له ناوچه‌كه‌دا.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز..
میلله‌تانی زیندوو هه‌میشه نرخى ڕه‌نج و ماندووبوونی تێكۆشه‌رانیان ده‌گرن. به چاوی وه‌فا و ڕێز له قوربانیدانیان ده‌ڕوانن و یاد و یادگاریان به زیندوویی و به به‌رزی ڕاده‌گرن. زۆر پێویستە ئەم كولتوورە لەناویە گەلی ئێمەدا بە زیندوویی بمێنێتەوە، پێویستە بەردەوام نەوەی ئێستا و نەوەی داهاتووش ڕێز لە خەبات و ماندوبوونی ئەو سەركردانە بگرێت كە لەپێناو مللەتی خۆیاندا خەباتیان كردووە و تێكۆشاون و كۆڵیان نەداوە.
كۆبونه‌وه‌مان ئه‌مڕۆ بۆ پێشوازی له ته‌رمی كوڕی ڕه‌ش، ئه‌و وه‌فاداری و ئه‌ركه پیرۆزه‌یه كه لێمان چاوه‌ڕوان ده‌كرێت. تەرمی بەڕێز عەلی قازی تاقانەکەی پێشەوامان بەڕێزەوە هێنایەوە کوردستان، هەر بە ڕێزیشەوە لە باوەشی وڵات‌دا دەنێژرێت. دەبێ وا بێت و ئەمەش مافی خۆی و بنەماڵەکەیهتی، هەروەها ئەرکی ئێمەیە كە ڕێز لەو بنمەماڵەیە بگرین.
لە دوای شەهیدبوونی پیشەوا قازی، عەلی قازیی کۆچکردوو، عەوداڵی وڵات بوو، هەر لەو پێناوەشدا زۆر دەربەدەری و ماندووبوونی بۆ وڵاتەکەی بینی و لە کۆتاییدا هاتەوە ناو باوەشی وڵاتەکەی. بە خێر بێیتەوە و ئارام بنوێت کوڕەکەی پێشەوامان. سڵاو له گیانی پاكی كاكه عه‌لی و دروود بۆ یادی پێشه‌وای نه‌مر و شه‌هیدانی بنه‌ماڵه‌ی خانه‌دان و كوردستانپه‌روه‌ری قازییه‌كان و سه‌رجه‌م شه‌هیدان و تێكۆشه‌رانی كوردستان.
پرسه و سه‌ره‌خۆشیی دووباره‌مان لە بنه‌ماڵه به‌ڕێزه‌كه‌یان و خزم و كەسوكار و هەموو كوردستانییانی خۆشەویست. یادی كاكه عه‌لی هه‌میشه به خێر و ئێوه‌ش هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن بۆ ئەو ڕێوڕەسمە.
زۆر سوپاس.
-
-
-
-
-




