ئەیاد کاکەیی: عێراق ئامادە نییە پەیماننامەی ڕۆما ئیمزا بکات

هەولێر-KDP.info- بەر لە ٢٠ ساڵ دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان دامەزرا و شارەزایەکی تاوانەکانی جینۆسایدیش دەڵێت، عێراق ئامادە نییە ئیمزا لەسەر پەیماننامەی ڕۆما بکات و ببێتە ئەندام لە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکاندا.
ئەیاد کاکەیی، شارەزای تاوانەکانی جینۆساید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئێمە وەک کورد سەرەتا زۆر خۆشحاڵ بووین بە دامەزراندنی دادگای باڵای نێودەوڵەتیی تاوانەکان، چونکە دەمانویست لەڕێگەی ئەو دادگایەوە ئەو تاوانانەی بەسەر گەلی کورددا ھاتوون بە جینۆساید بناسێنین، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق ئامادە نییە ئیمزا لەسەر پەیماننامەی ڕۆما بکات و ببێتە ئەندامی دادگای باڵای نێودەوڵەتیی تاوانەکان، تەنیا لە سەردەمی ئەیاد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ئیمزا لەسەر پەیماننامەکە کرا لەلایەن عێراقەوە، بەڵام بەداخەوە دوای حەفتەیەک عێراق ئیمزاکەی کشاندەوە.
ئەو شارەزایەی تاوانەکانی جینۆساید دەڵێت: کورد زۆر ھەوڵی داوە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئەندام لەو دادگا نێودەوڵەتییەدا، چونکە ھەبوونی دادگایەکی نێودەوڵەتی گەرەنتیی ھەیە بۆ کورد، بەپێچەوانەوە تا عێراق نەبێتە ئەندام لەو دادگایەدا مەترسیی جینۆساید ھەر دەمێنێت لەسەر گەلی کورد بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە.
ئەیاد کاکەیی ئاشکرای کرد: سەدان بەڵگەنامە لەسەر داگیرکاریی داعش و کارەساتی شنگال و دەشتی نەینەوا و ٧٠٠ بەڵگە تەنیا لەسەر تاوانەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئامادە کراون و ئاراستەی دادگای باڵای نێودەوڵەتیی تاوانەکان کراون، بەھۆی ئەندامنەبوونی عێراق لەو دادگایەدا کاری لەسەر ناکرێت، ئێمە ساڵانە بەشداری لە کۆنفڕانسی دادگای نێودەوڵەتیدا دەکەین و ھەموو دۆسیەکانی تاوانەکانی داعش و کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی و دەشتی نەینەوا و کاکەییەکانم گەیاندووەتە داواکاری گشتی لە دادگای باڵای نێودەوڵەتیی تاوانەکان، بەداخەوە پێیان ڕاگەیاندین تا عێراق نەبێتە ئەندام کاری لەسەر ناکەن.
قائید میرۆ




