٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵگورد شێخ نەجیب: حکوومەت پلانی بۆ کەرتی گەشتیاریی ئیدارەی سۆران ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- لە ڕۆژانی جەژندا ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیاران ڕوویان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە و سەرپەرشتیاری ئیدارەکەیش دەڵێت، حکوومەت بۆ کەرتی گەشتیاری لە سۆران پلانی ھەیە.

ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ''لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا نزیکەی ٢٩٠ ھەزار گەشتیار ڕوویان لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە و زۆربەی گەشتیارانیش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بوون، لەگەڵ ئەوەشدا گەشتیارێکی زۆر لە کۆماری ئیسلامی ئێران و ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی ئیدارەی سۆرانیان کردووە.''

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران گوتیشی: ''بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران شوێنگەلێکی گونجاو ھەن بۆ پڕۆژەی گەشتیاری، لەبەر ئەوەیش حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشتیاری و فراوانکردنی کەرتی گەشتیاری لە سنوورەکەدا پلانی ھەیە.''

ھەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''سەرەڕای ھاتنی ڕێژەیەکی زۆری گەشتیار بۆ ئیدارەی سۆران، ئەمساڵ ھیچ حاڵەت و ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووی نەداوە، بەپێچەوانەوە ھاوکاریی زۆریش ھەبووە بۆ ئەو گەشتیارانەی ھاتوونەتە ئیدارەی سۆرانەوە، لەو چوارچێوەیەشدا بۆ پاراستنی ڕەوشی ئەمنی و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ گەشتیاران و میوانانمان سوپاسی ھەموو دەزگا پەیوەندیدارەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەین.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار