٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. عارف حیتو: ''پەسەندکردنی یاسای کار کاریگەریی لەسەر کەرتی تایبەت دەبێت''

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان یاسای نوێی کاری پەسەند کردووە و بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کارۆباری کۆمەڵایەتییش ئاشکرای کرد، پەسەندکردنی یاساکە کاریگەریی لەسەر کەرتی تایبەت دەبێت، ئەوەیش بەھۆی پاراستن و گەرەنتیکردنی مافی کرێکار و کارمەندانی کەرتی تایبەت.

د. عارف حیتو، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پەسەندکردنی یاسای کار لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەنگاوێکی گرینگە و کاریگەریی لەسەر ڕەوشی کرێکاران دەبێت، چونکە تا ئێستا کارمان بە یاسای ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ی عێراق دەکرد، یاسای نوێ لەگەل ڕەوشی بازاڕی کار دەگونجێت و ئەو کێشانەی پێشتر لە یاسای عێراقدا ھەبوون، چارەسەرکراون، واتە بەپێی یاسای نوێی کار مافی کرێکار پارێزراوە.''

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەشڵێت: ''زۆر کەس بەھۆی بێبەشبوونیان لە ھەندێک ماف و شایستەوە ئامادە نین لە کەرتی تایبەتدا کار بکەن، بەڵام پەسەندکردنی یاساکە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە کاریگەریی لەسەر ڕەوشی کەرتی تایبەت دەبێت و بەپێی یاسا ھەر کرێکارێک و کارمەندێکی کەرتی تایبەت ھەمان مافی فەرمانبەری حکوومەتی ھەیە و گەرەنتی زیاتری بە کەرتی تایبەت داوە.''

د. عارف حیتو ڕوونیشی کردەوە: ''وەزارەتی کار ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاوی ھەلی کار بۆ کرێکاران دەڕەخسێنێت و بەھۆی باشبوونی ڕەوشی ئابووری ھەرێمی کوردستان و زیادبوونی داھات و کەمبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەتوانم بڵێم لە ھەرێمی کوردستان دەرفەتی کار زیاتر بووە، چونکە چەندی پڕۆژە جێبەجێ بکرێن و داھاتی حکوومەت زیاد بکات، کاریگەریی لەسەر باشتربوونی ڕەوشی کار دەبێت.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار