حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی نرخی بەنزین هەرزان بێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر گوتی: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئێستا کوالێتی بەنزینی ٨٠٠ دیناری باشتر کردووە و لە ھەوڵیشدایە ڕێژەکەمان بۆ زیاد بکات بۆ ئەوەی نرخی بەنزین هەرزان بێت، ئەگەر پشکی بەنزینەکەمان زیاد بکرێت، ڕاستەوخۆ نرخەکەیشی هەرزان دەبێت و ھەر بەنزینخانەیەکیش بەنزینی خراپ بفرۆشێت، سزای دەدەین و تەنھا ئەمڕۆ ١٠ بەنزینخانەمان سزا داوە.''
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر، ئاری کاکەشین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''خەڵکێک ھەوڵ دەدات بەنزینی خراپ بێنێتە بازارەوە و بە نرخێکی هەرزان بیفرۆشێت، ئێمەش تیمەکانمان بە دوو ئاراستەدا ئیش دەکەن و ڕۆژانە سەردانی بەنزینخانەکان دەکەن و پشکنینیان بۆ دەکەن و ئەگەر کوالێتی خراپ بێت، سزایان دەدەن و ئاراستەکەی دیکەش، ھەر ھاووڵاتییەک گلەیی بکات، تیمەکانمان ڕاستەوخۆ سەردانی بەنزینخانەکە دەکەن و پشکنینی بۆ دەکەن، ئەگەر کوالێتیی بەنزینەکەی خراپ بێت، ڕێکاری پێویستی بەرامبەر دەگرنەبەر.''
ئاری کاکەشین گوتیشی: ''ئەو بەنزینەی حکوومەت بۆ ئێمەی دابین دەکات ڕۆژانە ٨٠٠ ھەزار لیترە و بە٨٠٠ دینار دەیفرۆشن و کوالێتیشی باشە و باشتریش دەکرێت، کە ئۆکتانەکەی ٨٩ تا٩٠ زیاترە و پێویستە لە ٨٩ کەمتر نەبێت، ئەگەر نا، وەری ناگرین و بەنزینی ٦٩٠ دیناریش، ٣٠٠ ھەزار لیترمان بۆ دابین دەکرێت و ھەوڵ دەدرێت ڕێژەکەمان بۆ زیاد بکرێت بۆ ئەوەی نرخەکەی هەرزان بێت.''
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: ''سزادانی بەنزینخانەکان بەردەوامە و تەنھا ئەمڕۆ ١٠ بەنزینخانە سزا دراون و حکوومەت بەردەوامیش لە ھەوڵدایە بۆ زیادکردنی بەنزین، بۆ ئەوەی نرخەکەیشی هەرزان بێت، بۆیە داوا لە ھاووڵاتییانیش دەکەین لە ھەر بەنزینخانەیەک زانییان بەنزینی خراپە، پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکەین و سزایان بدەین.''
بڵند ئیبراھیم




