٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

میرانی بۆ KDP: لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەست پێدەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ژمارەیەک ئۆتۆمبێڵ لە دەرەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراون و بەھۆی ھەبوونی کێشەوە تۆمار نەکراون، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێ، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ ھەر ئۆتۆمبێڵێک مەرجەکانی سەلامەتی تێدابن و کێشەی بچووکیان ھەبێت تۆمار دەکرێن و پرۆسەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێڵی کێشەدار دەست پێدەکات.

د. ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پێشتر ژمارەیەکی بەرچاوی ئۆتۆمبێڵ ھاوردەی ناو ھەرێمی کوردستان کراون و بەھۆی ھەبوونی کێشەی سەلامەتی و نەبوونی مەرجی پێویست لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی ھاتووچۆ تۆمار نەکراون، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی گشتی وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێڵانەی دەرکردووە و بڕیارە دوای دەرچوونی بەیانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی کێشەدار جێبەجێدەکرێت، بەڵام تەنیا ئەو ئۆتۆمبێڵانە دەگرێتەوە، کە کێشەی بچووکیان ھەیە.

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: "لە ھەموو بەڕێوەبەرایەتیەکی ھاتووچۆ لیژنەی پشکنین پێکدێت بۆ پشکنینی ھەموو ئەو ئۆتۆمبێڵانەی بەھۆی ھەبوونی کێشەوە تۆمار نەکراون و دوای پەسەندکردنی ھەر ئۆتۆمبێلێک دوای دەرچوونی لە پشکنین تۆمار دەکرێن .

د. ھێمن میرانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ دەست بە پرۆسەی پشکنین و تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کێشەیان ھەیە دەکرێت و تەنھا ئەوانەی کێشەی بچووکیان ھەیە دەگرێتەوە، چونکە نابێت ئۆتۆمبێڵ کێشەی گەورەی ھەبێت و مەرجەکانی سەلامەتی تێدا نەبن و تۆمار بکرێت، بڕیارەکە ئەو ئۆتۆمبێڵانە دەگرێتەوە کە تا رۆژی ٤/٧/٢٠٢٢ ھاتوونەتە نێو ھەرێمی کوردستان .

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار