٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوایین هه‌نگاوی نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر له‌ KDPیه‌وه‌ بزانه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵات گوتی، نۆژەنکردنەوەی قەڵاتی ھەولێر بەردەوامی ھەیە و تا ئێستاش ھەنگاوی باشیان ناوە و بەردەوامیش دەبن تاوەکو بەتەواوی نۆژەندەکرێتەوە و جارێکی دیکە ژیان لە قەڵاتی ھەولێر دەستپێبکاتەوە.

نیھاد قۆجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "نۆژەنکردنەوەی قەڵاتی ھەولێر بەرۆژێک و دوو رۆژ تەواو نابێت و چەندین ساڵی پێویستە و بە بەرنامە نۆژەندەکرێتەوە و بەپێی ئەو پارەی لەبەردەستی ئێمەدایە و خانوو نۆژەن دەکەینەوە و رێگاکان دروست دەکەین و ئێستا ئەوەی گرنگە ژێرخانەکە تەواو بووە بە ھاوکاری خێرخوازان و رێکخراوەکان کە خۆی لەئاو و ئاوەرۆ و کارەبا دەبینێتەوە و دوو تانکی ئاو گۆڕا کە تەمەنیان ٧٠ ساڵ بوو، چونکە ئاوی قەیسەری ھەولێر لەسەر قەڵاتە و ئێستا کار لەسەر شەقامی ناوەندی قەڵات دەکەین و دیزاینی تەواو بووە و لەماوەی دووسێ مانگ تەواو دەبێت و رووناکییەکەشی بەپێی ئەو ماستەر پلانەی بۆی دانراوە جێبەجێ دەکرێت".

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵات گوتیشی: "ئەو ھەنگاوانە تەواو بوو دیار دەبێت چی کراوە و چی پێویستە بکرێت و ئێستا لەگەڵ یونسکۆ لە گفتووگۆ دایین ھەر جارە و چەند خانووەک پێکەوە نۆژەن بکەینەوە و تاک تاک نۆژەن نەکرێتەوە، بۆ ئەوەی بەرچاو بێت کە بزانین چ کارێک دەکەین، بەڵام گەر لە شوێنێک خانووەک مەترسی لەسەر بێت ئەوا بەجیا نۆژەنی دەکەینەوە".

نیھاد قۆجە ڕوونیشیکردەوە: "لە قەڵاتی ھەولێر تا پێمان بکرێت لەسەر شێوەی خۆی نۆژەنیدەکەینەوە و خشتی خۆیان بەکار دێنین و ئەگەر نەکرا خشتەی دیکە بەکار دێنین کە تایبەت دروست دەکرێت و ئامانجمان ئەوەیە بکەینە سەنتەرێکی رۆشنبیریی مێژوویی و خەڵکیش بگەڕێتەوە و لە دواڕۆژ و ژمارەیەک خانوو نۆژەنبکرێتەوە و ژیان تێیدا دەست پێبکاتەوە بۆ ئەوەی ٢٤ کاتژمێر قەڵات ژیانی تێدا بێت، چونکە ناکرێت قەڵات قەپات بکرێت و پێویستە کافتریا و رێستورانت و ژیانی تێدابێت و چالاکی ھونەری و رۆشنبیریشی تێدا بێت".

قۆجە باسی لەوەشکرد: "ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە لەداھاتوو دێن لەسەر حیسابی خۆیان خانووەکە نۆژەن دەکەنەوە بۆ ئەوەی لەناوی بژین و لەژێر چاودێری ئێمە دەبێت، بەڵام بەناوی ناکرێت و موڵکی دەوڵەتە و ئەوانەی ئێستاش ھاوکاریمان دەکەن شێخ بازە، ھەروەھا دوو پڕۆژەش باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا پشتگیریمان دەکات لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار