شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ KDP: تا مەسجێک نەگاته پهرلهمان رۆژهكه دیاری ناکرێت

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکردوو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێ، کۆبوونەوەی بەیانی لەبارەی پڕۆژەکانی پەرلەمانە و رۆژی دیاریکردنی سەرۆککۆمار نیە گوتیشی، دەبێت کورد کاندید بۆ سەرۆککۆمار دیاری بکات نەک کەسانی دیکە.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکردووە و تا بەرنامە ھەبێت چ پڕۆژەیەک گرینگە بۆ وەرزی نوێی پەرلەمان، ئەوەش پێویستی بە قسەکردنە لەگەڵ کوتلە سیاسیەکان و رێککەوتن لەسەر ئەو پڕۆژانەی لەبەردەستن بکرێت، چونکە کام پڕۆژە گرینگە بۆ عێراقیەکان پەسەند دەکرێت کۆبوونەوەی سبەینیی نێوان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فڕاکسیۆنەکان زیاتر لەسەر ئەو بابەتانەیە".
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان گوتیشی: "ئێمە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە ھەرچی زووە حکوومەتی نوێی عێراق پێکبێت ئەوهش بە رێکاری دەستووری و داوا لە لایەنە سیاسیەکان دەکەین بگەنە رێککەوتن لەسەر پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەت، چونکە رێککەوتنی لایەنەکان دەبێتە ھۆی ئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی ئەرێنی دەرباز ببێت".
لەبارەی دیاریکردنی رۆژێک بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار د. شاخەوان عەبدوڵڵا روونیکردەوە: "تا مەسجێک لەلایەن ھێز و لایەنە سیاسیەکان بە پەرلەمان نەگات رۆژی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاری ناکرێت، تا بزانین ئاراستەیان بەرەو کوێیە، تا ئێستا ھیچ رێککەوتنێک نەکراوە لەبارەی پرسی سەرۆککۆماری عێراق، لەبەر ئەوەی سەرۆککۆمار بە تاک لایەنە نابێت فەرز بکرێت، بەپێچەوانەوە پێویستە لەنێو لایەنە کوردییەکان دیاری بکرێت، کورد دەبێت خۆی کەسێک بۆ سەرۆککۆمار کاندید بکات نەک خەڵکی تر کاندید بۆ کورد دیاری بکات".
قائید میرۆ




