٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دزەیی بۆ KDP: پێگەی کوردستان بەھێز ده‌کەین و چەند نوێنەرایەتیه‌کیش زیاد ده‌کەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، دەمانەوێت لە تەمەنی کابینەی نۆ چەند نوێنەرایەتی نوێ لە چەند وڵاتێک بکەینەوە، ھەروەھا پێگەی کوردستان بەھێز بکەین و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانمان بەردەوام لە فراوانبووندایە.

سەفین دزەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "کابینەی نۆ کە دەست بەکاربوو شەش مانگی سەرەتا بارودۆخ ئاسایی بوو، سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٠ ڤایرۆسی کۆرۆنا، پەیوەندییە نێودەوڵەتییە دیبلۆماسییەکانی نەک لە کوردستان بەڵکو لە ھەموو جیھان پەکخست، ھەموو پەیوەندییەکان لە رێگای ئۆنلاینەوە ئەنجام دەدران، بەڵام ھەوڵدرا پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان فراوان بکرێت لە رێگای دیداری بینین بێت یان ئەلکترۆنی، کە لەسەر ئاستی سەرۆکی ھەێم و حکوومەت و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ھەموو وەزارەتەکان بوو".

سەفین دزەیی دەڵی: "ساڵی رابردوو ئەم کاتە بوو سەرۆککۆماری فەرەنسا سەردانی کوردستانی کرد، وە پێش ئەویش پاپای ڤاتیکان سەردانی ‌کوردستانی کرد، چەندان سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوە و بەرگری و ئەندامانی پەرلەمان و شاندی پایە بڵندی جیا جیایی وڵاتان ھاتوونەتە کوردستان".

ناوبراو زیاتر دەڵێ: "سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت، وەزیرەکان سەردانی وڵاتانی ئەوروپا و کەنداویان کردووە، بەشداری لە چەندان کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ئابووری و سیاسی و ئاسایشیان کردووە".

ھێمای بۆ ئەوەشکرد: "سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت یاوەریم کردوون وەک بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ وڵاتانی بەریتانیا و ھۆڵەندا و بەلجیکا و یۆنان و ئەڵمانیا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئیمارات و کوێت و قەتەر و بەحرێن و ئوردن و تورکیا،  ھەروەھا ھەوڵدراوە شاندی پایە بڵند كه‌ دەڕۆنە دەرەوە یان شاندی وڵاتان دێنە کوردستان، نەک تەنھا گفتوگۆ لەسەر دیبلۆماسی و سیاسی بێت، بەڵکو ئابووریش بێت، لەم دوو ساڵەدا ئابووری کوردستان بەرەو بوژانەوە دەڕوات، سەرمایەدارانی دەرەوە زیاتر‌ ڕوو لە کوردستان دەکەن".

ناوبراو گوتیشی: "سەرباری کەمووکوڕی و ڤایرۆسی کۆڕۆنا و کێشەمان لەگەڵ بەغدا، بەڵام تواندراوە ھەنگاوی باش بنێین و بەرەو پێشەوە بچین و بەردەوامیش دەبین".

دزەیی دەشڵێ: "لە زیادبوونی نێردە دیبلۆماسییەکان کونسوڵخانەی گشتی ئەرمەنستان لە کوردستان کرایەوە و چەندان دەوڵەتی تریش خەریکن رێکاری یاسایی دەگرنەبەر بۆ کردنەوەی کونسوڵخانە لە ھەولێر".

ئاماژەی بەوەشکرد: "سەرباری ئەوەی کوردستان دەوڵەتی سەربەخۆ نییە و بەشێکە لە عێراق، پێگەیەکی بەھێزی ھەیە و مامەڵەیەکی شایستەی لەگەڵ دەکرێت، لە ئاستی ‌پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان".

"بڕیاری کردنەوەی چەند نوێنەرایەتیه‌کی نوێمان ھەیە لە وڵاتانی ئیقلیمی، زۆر زەروورە بەڵام ماوەتەوە لەسەر چەند فاکتەرێک یەک لەوانە قسە لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکەین و دەمانەوێ نوێنەرایەتی بکەینەوە و ڕەزامەندی دەرببڕن، لایەنی ئابووریش ھەیە تاوەکو چ ڕادەیەک ھاوکارە، نوێنەرایەتی لە ھەر وڵاتێک دەکەینەوە لە ڕووی لۆجیستی و ئیمکانیات و شوێنەوە کە شایستەی کوردستان بێت لەگەڵ ژمارەی ستاف، ئەمەش پێویستی بە بوودجە ھەیە، راستە تاوەکو ڕادەیەک ئابووری کوردستان باشبووە بەڵام بوودجەی پێویست لە بەردەست نییە بۆ فراوانکردنی نوێنەرایەتییەکانمان، بۆیە دامانەوێت بوودجەی پێویست دابینبکرێت لەگەڵ قسەکردن لەگەڵ وڵاتان پاشان ھەنگاوی کردنەوەی ئه‌و نوێنەرایەتیە نوێیانە، واتا بەرنامەکە وایە لە تەمەنی ئەم کابینەیە چەند نوێنەرایەتێک زیاد بکەین، سەفین دزەیی وای گوت".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار