٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دلڤان عومەر: لە ئیدارەی سۆران ١٦ پڕۆژەی وەبەرھێنان لە قۆناغی مۆڵەتدان

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info- بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاشکرای کرد، دوای بڕیاری بەئیدارەبوونی سۆران، بۆ پڕۆژەی وەبەرھێنان ١٦ داواکاری پێشکەش کراون و دەشڵێت، ئەو پڕۆژانە لە قۆناغی مۆڵەتدان.

دلڤان عومەر، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ساڵانی ڕابردوودا، پێش ئەوەی سۆران بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، ١٣ مۆڵەتی وەبەرھێنان ھەبووە، بەڵام جگە لە دوو پڕۆژە ئەوانی دیکە کاری پێویستیان تێدا نەکراوە، ئێستا ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین پڕۆژەکانی پێشوو تەواو بکرێن و وەبەرھێنەران ئاگادار کراونەتەوە و بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانیان ھۆشداریی سەرەتایییان پێ دراوە.''

بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی سۆران گوتی: ''ئێستا بۆ وەرگرتنی مۆڵەت ١٦ داواکاری پێشکەش کراون، بەڵام ئێمە وەک وەبەرھێنان، ئەو ١٦ داواکارییەی پڕۆژەی وەبەرھێنانمان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەی بزانین پڕۆژە داواکراوەکان پێویستن بۆ سۆران، یان نا.''

دلڤان عومەر ڕوونی کردەوە: ''ئەو پڕۆژانە ئێستا بۆ پێدانی مۆڵەت بە بوارە جیاوازەکان لەژێر لێکۆڵینەوەدان و نامانەوێت سۆران بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی گەورە بێتەوە، بەپێچەوانەوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەپێی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مۆڵەت بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان دەدرێت و حکوومەت دەیەوێت گرینگیی زیاتر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بدات.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار