ڤیان سەبری بۆ KDP: ئەم ھەفتەیە دانوستانەکان چڕدەبنەوە

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دەڵێ، دانوستانەکان لەم ھەفتەیەدا چڕدەبنەوە و بابەتەکانیش زۆرن پێویستی بە دانوستاندنی چڕ ھەیە، لای ئێمەش کارنامەی حکوومەت گرنگە چی تێدایە و ئێمەش جەخت لەسەر شەراکەتی ڕاستەقینە و تەوازن و تەوافق دەکەینەوە.
دکتۆر ڤیان سەبری، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیار بوو لە دوای جەژنەوە دانوستانی لایەنە سیاسییەکان چڕببنەوە، وە لە دوای نوێژی ھەینیی چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوونەوەی خۆی کردووە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لە بەیان نامەیەکدا داوای کردووە لەم ھەفتەیە کۆبوونەوەی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت، بە تەنھاش سەرۆککۆمار نییە بەڵکو دەستنیشانکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانە و کارنامەی حکوومەتیشە".
ڤیان سەبری وتیشی: "وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمانی سەرۆک بارزانی دەستنیشانکراوە، ھاوکات دانوستاندن لە بەغدا ھەبووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و لەم ھەفتەیە دانوستانەکان چڕدەبنەوە".
سەبری دەڵێ: "بۆ ئێمە وەک پارتی گرنگە بەرنامەی حکوومەتی داھاتوو چییە، لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی گفتوگۆ بکەین لەسەر زۆر بابەت لەسەر ناوەڕۆکی کارنامەی حکوومەت ڕێکبکەوین، بابەتەکان زۆرن پێویستی بە دانوستاندنی چڕ ھەیە لەم ھەفتەیە زۆر دانوستانەکان چڕدەبنەوە، ئێمەش وەک پارتی جەخت لەسەر شەراکەتی ڕاستەقینە و تەوازن و تەوافق دەکەینەوە".
ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەدەکات: "سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای کردووە لایەنە سیاسییەکان و فڕاکسیۆنەکان لەسەر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران رێکبکەون و بەرپرسیارەتی ھەڵبگرن".
عەزیز ڕەسووڵ




