وەزیری تەندروستی: هەوڵ دراوە بە هەدەردانی سامانی گشتی کەم بکرێتەوە

ههولێر-KDP.info- بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد کە باس لە کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەی دەکات لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
د. سامان بەرزنجی رایگەیاند: "وەزارەتی تەندروستی بەرپرسە لە فەراهەم کردنی، رەوشێکی تەندروستی گونجاو لە بواری تەندروستی گشتی بۆ هاووڵاتییان و چارەسەری بۆ نەخۆشان. لەژێر رۆشنایی ھێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەگوێرەی پلانی داڕێژراوی وەزارەتمان چاکسازی و کاروچالاکییەکان ئەنجامدراون. لەبواری کارگێری رێکخستنەوەی دەوام و کەمکردنەوەی رۆتین و قەدەغەکردنی دەوامی تەناوب. هەروەها چاکسازی بەڕێژەی 96%ی دۆسیەی فەرمانبەران لە بواری دەرماڵە و مووچەکان. دابەزاندنی دەسەڵات بۆ بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان و دامودەزگا پەیوەندارەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی رۆتین. ھێنانەکایەی دوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لە دەڤەری سۆران و زاخۆ. بەکارهێنانی سیستەمی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵ لە کاروباری رۆژانە، وەکو مۆڵەتی هێنانی دەرمان و بەرنامەکانی چاودێری تەندروستی سەرەتایی و ڤاکسین و نۆرەی ھاووڵاتیان و دابەشکردنی پزیشکان بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و چاودێریکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان. بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە زۆربەی سەنتەرەکانی پشکنین و تاقیگە و دەستنیشانکردن".
وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: "دەرچوونی دوو یاسای گرنگ لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و یاسای مافی نەخۆش بوو. سیستەمی تەندروستی و چاکسازی کردن لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی خۆی هەبووە، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ تیمێکی راوێژکاری نێودەوڵەتی خاوەن ئەزموون، نەخشە رێگای ریفۆرمی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان دانراوە. پێداچوونەوە و کەمکردنەوەی نرخەکانی نەشتەرگەری بەڕێژەی 40% نرخەکان و رێکخستەوەی باج و رسومات".
ئاماژەی بەوەشکرد: "لە بواری کۆرۆنا، گەڕاندەوەی زیاتر لە ٩٨٥ ملیۆن دیناری هاووڵاتیان کە بە زیادەرۆیی وەرگیرا بوو لە خەرجیەکانی چارەسەری کۆرۆنا. بۆ یەکەمین جار کارگەکانی جلوبەرگ و پێداویستی پزیشکی و سرنج و کانوێلا و چارەسەری پاشماوەی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردن".
د. سامان بەرزنجی، ئەوەشی خستەڕوو: "دەستپێکردنەوەی چەند پرۆژەیەکی ستراتیجی و گرنگ وەکو نەخۆشخانەی شیلادزێ و نەخۆشخانەی دڵی کراوەی منداڵان لە سلێمانی و نەخۆشخانەی نەشتەرگەری شێرپەنجە لە سلێمانی و نەخۆشخانەی سیدەکان و نەخۆشخانەی منداڵان لە ھەولێر و سەنتەری شێرپەنجە لە دەڤەری راپەڕین و بۆ یەکەمین جار نەخۆشخانەی چاو لە شاری ھەولێر، نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە و سەنتەر و بنکە تەندروستییەکان بە گوژمەی ملیۆنەها دۆلار بەردەوامە".
گوتیشی: "کۆنترۆڵکردنی پەتای کۆرۆنا، یەکێک بوو لە سەرکەوتنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵی رابردوودا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای جیهانی کۆرۆنا. لە بواری فریاکەوتن و فریاگوزاری کە بەشێکی گەورەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانە، پەیڕەو کردنی سیستەمی پزیشکی فریاکەوتنی 24 کاتژمێری و دانانی سیستەمی بەدەل عیادە بۆ پزیشکەکانی فریاکەوتنەکان چووە بواری جێبەجێ کردن".
وەزیری تەندروستی، لە گوتارەکەیدا باسی لەوەشکرد: "لیستی نیشتمانی بۆیەکەمجار لە هەرێمی کوردستان بۆ دەرمان دانراوە، سیستەمی ئەلیکترۆنی پەیڕەو دەکرێت بۆ ھاوردەکردن و تەکنەلۆژیای دژەساختە لەسەر ستیکەر کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەچێتە بواری جێبەجێ کردن و هەموو رێکارەکانی تەواو بوو. رێنمای نوێ بۆ پێداچوونەوەی پێدانی مۆڵەت بۆ کۆمپانیاکان و کۆگاکردن کرا و لەم روانگەیەوە 33 کۆمپانیا لە کۆی 260 کۆمپانیا داخران بە هۆی نەبوونی ئەو ستاندەردە. بۆ یەکەمینجار بەکارھێنانی Reference و سەرچاوە نێودەوڵەتیەکانی متمانەپێکراو بۆ ھێنانی دەرمان و زیادکردنی توانای پشکنین و خێراکردنی رێگەپێدان و مۆڵەتی ھاوردە کردن بە مەبەستی کەمکردنەوەی رۆتین و زوو گەیشتنی بە هاووڵاتییان. لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوسەنگی و یەکسانی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان تەوەرێکی گرنگ بووە، بۆ ئەم مەبەستە فراوان کردن و زیادکردنی خزمەتگوزارییەکان لە قەزاو ناحییەکان و کەمکردنەوەی ئیحالە کردن بۆ ناوشارەکان پەیڕەو کراوە".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، د. سامان بەرزنجی گوتی: "شێرپەنجە بەشێکی گەورەی چارەسەرییەکانە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، بۆ ئەم مەبەستە دابینکردنی بودجەی تایبەت ساڵانە هەیە بەبڕی 90 ملیار دینار لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و هەروەها پاڵپشتی سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانی کە لە ھەرێم نییە لەڕێگەی ناردنە دەرەوەی نەخۆش لەسەر سندوقی شێرپەنجە بۆ ئەو بابەتانەی کە پێویستە و تا ئێستا لە عێراق دا ناکرێت. زیاتر لە 98% چارەسەریی شێرپەنجە لە نەخۆشخانە حکوومییەكان ئەنجام دەدرێت، کە ئەمە بووە هۆی سەرسامی وەزیری تەندروستی عێراقی فیدراڵ هەم بۆ رەوشی شێرپەنجە، هەم بۆ رەوشی ئەنجامدانی کوالیتی کۆنترۆڵی دەرمان و پێداویستی پزیشکی. وەرگرتنی متمانەی سەنتەر و نەخۆشخانەکان و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی و پێدانی پسپۆڕی بە پزیشکانی خوێندنی باڵا لەلایەن بۆردی عەرەبی و وڵاتانی عەرەبی و بۆردی عێراقی لە ھەرێمی کوردستان، دەستکەوتێکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو".
راشێگەیاند: "لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیادبوون و کردنەوەی پەیوەندی زۆرباش لەگەڵ تەندروستی عێراق و قونسوڵگەری و وڵاتان و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و NGO وئاژانسەکانی نەتەوەتەکگرتووەکان و سوود وەرگرتن لە دەزگای خێرخوازی بارزانی کە بە ملیۆنەها دۆلار پاڵپشتی دابین کردنی پێداویستییەکانمان بووە. بەردەوام هەوڵ دراوە بە هەدەردانی سامانی گشتی و خەرجی بێ بنەما کەم بکرێتەوە. هەروەها بەکارهێنانی سیستەمی نیمچە تایبەت بۆ سوود و بەرژەوەندی ھاووڵاتیان بۆ بەکارهێنانی نەخۆشخانەکان و هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە دوای دوامیش، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ئەرکی ئابوورییان لەسەر کەم بکرێتەوە. وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات هەم لە بواری بەردەوامیدان بە کاروچالاکییەکان و پێداویستییەکانی رۆژانە هەم لە بواری رێکارەکانی چارەسەرییەکان و رۆژانەش لە بواری رێکخستنەوە و ریفۆرم کردنی سیستەمی تەندروستی و بە دیهێنانی بیمەی تەندروستی و ئاستی خزمەتگوزرییەکان بە ئاستێکی باش کە جێگەی متمانەی زیاتری نێوان هاووڵاتییان و دامودەزگاکانی تەندروستی بێت لە هەرێمی کوردستان".
ڕامان وریا




