ساماڵ عەبدولڕەحمان: بەغدا پابەندی ڕێککەوتنی پێناسەی گومرکی نییە

هەولێر -KDP.info- ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ لەسەر پرسی پێناسەی گومرکی ناکۆکن و بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ھەرێمیش دەڵێت، پێشتر ڕێککەوتن کراوە، بەڵام بەغدا پابەندی ڕێککەوتنی پێناسەی گومرکی نییە.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کێشەی دانانی گومرک لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بەردەوامە و پێشتر ئێمە وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێک کەوتووین لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ یەک پێناسەی گومرکیمان ھەبێت و یەکی بخەین، بەڵام بەھۆی ھەندێ ڕەوشی سیاسیی خۆیانەوە بەغدا ناتوانێت وەک پێویست کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکانی خۆی بکات.''
بەڕێوەبەری گشتیی گومرک ڕوونی کردەوە: "جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی نێوانمان بووەتە ھۆکار بڕیار و ڕێنمایی پێناسەی گومرکی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا وەک خۆی جێبەجێ نەکرێن.''
ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتیشی: "زۆر جار خاڵی کاتی دادەنرێت لە نێوان پارێزگاکانی ھەرێم و ناوەڕاست و باشووری عێراق، زۆر جارا بارێکی کەلوپەل لە ھەرێمی کوردستانەوە بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراق دەچێت و پێشتر گومرک کراوە، بەڵام دیسان کێشەی بۆ دروست دەکرێت لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە و ئەو ئاستەنگانە ھەر بەردەوام ھەن.''
قائید میرۆ




