لایەنەکان لە کۆبوونەوە بەردەوام دەبن تا ڕێککەوتن و دواتر ڕاپۆرتێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێم دەکەن

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، کۆبوونەوەی لیژنەی نوێنەری حزبەکان بەردەوام دەبێت تا دەگەنە ڕێککەوتن، دواتر ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەن و ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی کۆتایی لە نێوان لایەنەکاندا بکرێت لەبارەی هەڵبژاردن و کۆمسیۆن .
زیرەک کەمال بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بەردەوامە و لە لایەن حزبەکانەوە لیژنە دروست کراوە تا ئێستا چەندین کۆبوونەوەی کردووە و بەردەوامیش دەبێت تا کارەکانیان تەواو دەکەن و دواتر دەیکەنە ڕاپۆرتێک و ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی دەکەن، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.''
کەمال باسی لەوەش کرد: بەربەستی ئەوەی تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن هەندێک ناکۆکی هەیە لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و کۆمسیۆن و چۆنیەتیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بۆچوونی جیاواز هەیە و دەکرێت لە داهاتوودا بگەنە ڕێککەوتن، هەر بۆیەش سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ لایەنەکان کۆنەبووەتەوە و تا ئێستا لەبارەی وادەی هەڵبژاردنیش ڕێککەوتن نییە، چونکە پێویستە لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن ئەوکات هەڵبژاردن بۆ کاتێکی دیاریکراو دوا دەخرێت کە سەرۆکی هەرێم بڕیاری لێ دەدات.
بڵند ئیبراهیم




