وەفدی پەرلەمان: دهمانهوێت ئامێرەكانی ئەڵمانیا بۆ پێشخستنی كهرتی کشتوکاڵ بگوازینەوە

ئەڵمانیا-KDP.info- ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە ھەنگاوەکانی بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ وەک سەرچاوەیەکی گرینگی ئابووری و ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات، ھاوکات وەفدێکی پەرلەمانی کوردستان لە ئەڵمانیایە بۆ گفتوگۆکردن و ھاندانی وڵاتی ئەڵمانیا و کۆمپانیاکانیان تاوەکو ئەزموونی کشتوکاڵیان بگوازنەوە بۆ کوردستان و پەرە بە کەرتی کشتوکاڵی کوردستان بدەن.
ھەڵکەوت ئەنوەر خەلیفە، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لیژنەیەکی پەرلەمانی کوردستان لە حەوت پەرلەمانتار و راوێژکارێک پێکھاتووین لە وڵاتی ئەڵمانیاین، لە پەرلەمانی میونشن کۆبوونەوەمان لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فڕاکسیۆنەکانی ھەردوو حزبی دەسەڵات لەگەڵ لیژنەی کشتوکاڵ کۆبوینەوە لەسەر پێشخستن و وەرگرتنی ئەزموونی کەرتی کشتوکاڵی ئەوان قسەمان کردووە".
ھەڵکەوت ئەنوەر گوتی: "لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە باسمان لە ئابووری و سیاسی و سەربازی کردووە، ھەروەھا فشاری ئابووری لەسەر وڵاتانی ئەوروپایە، ئێمە داوامان لێکردن ئەو ئامێرە کشتوکاڵیانەی ئەڵمانیا ھەیانە بیگوێزینەوە بۆ کوردستان و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی ئێمە، پێمان وتن خاک و ئاوی کوردستان بە پیتە بۆ بەرھەمھێنانی دانەوێڵە و تەواوی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، بەھۆی شەڕ و کێشەکان لە ناوچەکە کوردستان لە کشتوکاڵ پێش نەکەوتووە بەڵێنیان پێداین ئەوەی پێیان بکرێت ھاوکارمان دەبن لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "کاتێک سەرۆکوەزیرانی کوردستان بەڕێز مەسروور بارزانی پۆستەکەی وەرگرت، قەیرانەکان ڕووی تێکرد بەڵام سەرکەوتوو بوو لە بەرنامەی کابینەکەی، یەکێک لە بەرنامەکانی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ بووە، بۆیە ھەنگاوی باشی بڕیووە و، لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و بازرگانی ئەڵمانیا کۆبوینەوەتەوە داوامان لێکردوون ھاوکاربن لەگەڵمان و سوود ببینین لە ئەزموونی کاری کشتوکاڵییان، دەمانەوێت لەگەڵ پێشخستن و پەرەپێدانی کشتوکاڵی لە ڕووی جۆری و کوالێتی بازاڕی دەرەوەشیان بۆ بدۆزینەوە".
عەزیز ڕەسووڵ




