چاودێرێکی سیاسیی بۆ KDP: مەرجی پارتی جێبەجێکردنی دەستوورە

ھەولێر-KDP.info- ھەموو چاوەکان ئێستا لەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراقن، یان داخرانی سیاسی، یان سیناریۆکان لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا کراوەن، شارەزایانی سیاسییش دەڵێن، ھەر لایەنێک یەک ھەنگاو لە ھاوکێشەی سیاسیدا ھەڵە بکات، گۆمەکە دەشڵەقێت. چاودێرێکی سیاسیی دەڵێت، دۆخی ئێستای سیاسیی عێراق لە کاتی ''ئینسیدادی سیاسی'' (داخرانی سیاسی)ی پێش کشانەوەی سەدر لە پەرلەمان خراپترە، ھەموویان دەزانن دەرچوونی سەدر دۆخی سیاسی و ھاوکێشەی سیاسیی لە عێراق ئاڵۆز کرد، بەڵام ئێستا ھەموویان چاوەڕوانی سەدر دەکەن لە ١٥ی تەمووز لە نوێژی ملیۆنیدا.
دوای کشانەوەی سەدر لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ھێشتا لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و پێکھێنانی حکوومەت و دیاریکردنی ناوێک بۆ سەرۆکوەزیران، لەو بارەیەشەوە عیماد باجەلان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند: ''ئێستا پەرت و بڵاوبوونەوە کەوتۆتەوە نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، چونکە ھەندێک لە سەرکردە سیاسییەکان پێیان وایە ھیچ حکوومەتێک بەبێ سەدر پێک ناھێنرێت، چونکە شەقام لە دەستی ئەودایە و دەتوانێت بە یەک تویت ٢ ملیۆن کەس بھێنێتە سەر شەقام، کەواتە ھیچ حکوومەتێک بەبێ سەدر تەمەنی درێژ نابێت، مالیکییش گەیشتووەتە ئەو قەناعەتە کە جارێکی تر ئەو فورسەتەی بۆ دووبارە نابێتەوە، چونکە ئەو کشانەوەی سەدر لە پەرلەمان بۆخۆی بە فورسەت دەزانێت، چونکە ژمارەیەکی کەمی کورسی ھەبوو، ئێستا ژمارەی کورسییان زۆر بووە.''
باجەلان باسی لەوەش کرد: ''ھەر حکوومەتێکیش پێکبێت بۆ ٧ تا ٨ مانگ دەبێت و تەمەنەکەی ئەوەندە ناخەیەنێت و تەنیا بۆ چەند پرۆژەیاسایەک دەبێت، ڕاستە ئێستا ڕەوشی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ڕووی ژمارەی کورسییەوە باشە، بەڵام بەپێچەوانەوە، لە ڕووی سیاسییەوە ئاڵۆزە، ئێستا ئەوان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر یەک کاندیدی سەرۆکوەزیران و دەیانەوێت خەتا و کێشە لە ئەستۆی کورد بکەن و دەیانەوێت کێشەکە بکەنە سەرۆککۆمار و خۆی لە خۆیدا کێشەکە سەرۆککۆمار نییە، پێ دەچێت لەدوای جەژن پارتی و یەکێتی بگەنە رێککەوتن، یان رێکنەکەون، کەواتە وەستانی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە ئەستۆی پارتی و یەکێتیدا نییە، بەڵکوو لە خۆیانە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٨ پارتی و یەکێتی نەگەیشتنە رێککەوتن و پڕۆسەکە بەردەوام بوو.''
مەرجی پارتی جێبەجێکردنی دەستوورە
پارتی ھەمیشە چاوی لە پلە و پۆست نەبووە، ئەوان دەیانەوێت دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و عێراق لەسەر ھەرسێ بنەمای تەوافق و تەوازن و شەراکەت بێت، لەوباریەشەوە باجەلان گوتی: ''ئەگەر پارتی و یەکێتی بگەنە رێککەوتن، مەوقیفی کورد لە بەغدا بەھێزتر دەبێت، ھەرچەندە وەک سەرۆک بارزانی گوتی مەرجەکانی پارتی و کورد مەرجی تەعجیزی نین، بەڵکوو تەنیا مەرجی، جێبەجێکردنی خاڵەکانی دەستوورە.''
باجەلان ئاماژەی بەوەش دا: ''ماوەیەکە ھەندێک لایەنی نێوچوارچیوەی ھەماھەنگی باسی خاڵەکانی دەستوور دەکەن، بەتایبەت ماددەی ٦٥ و یاسای نەوت و غاز و یاسای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، کە ئەمە ١٥ ساڵە پارتی و کورد داوای جێبەجێکردنی ھەموو خاڵەکانی دەستوور دەکەن، بەڵام ئەوان باسی دەکەن و جێبەجێی ناکەن، ئێستا ھەموو دۆخی سیاسی وەستاوە و چاوەڕوانی ١٥ی تەمووز دەکەن.''
ھەڵبژاردنێکی دیکە؟
باجەلان ڕوونیشی کردەوە: ''تویتەکەی سەدر کاتێک دەڵێت، عێراقی ڕادەستی گەندەڵکاران ناکەین و رێگا نادەین لایەنەکانی دیکە دەسەڵات وەربگرن و ئەوان (بالتبعیە) وەسف دەکات، ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە، بۆیە ھەموویان چاوەڕوانی جووڵە سیاسییەکانی سەدر دەکەن، ئاخۆ حکوومەت پێک دەھێنرێت و تەمەنی چەند دەبێت.''
باجەلان گوتیشی: ''عێراق ھیچ رێگایەکی لە بەردەمدا نەماوە و دەبێت بچێتە ھەڵبژاردنێکی دیکەوە، چونکە حکوومەت بەبێ سەدر تەمەنی درێژ نابێت و ئەمانەش حکوومەت پێک بھێنن زۆر شتی تر ھەیە، چونکە سەدر نایەوێت مەلەفی نەوت بکەوێتە دەستی لایەنەکانی تر، ئەگەر ئەوان ئەم مەلەفانە بگرنە دەست، بۆخۆیان وەربەرھێنان دەکەن، ئەمەش بۆ سەدر مەترسیدارە، کەواتە عێراق ھیچ حەلێکی نییە و دەبێت بچێتە ھەڵبژاردنێکی دیکەوە.''
کــاروان بــاعەدری




