فەتحی محەمەد: نزیکەی ١٢٠ کارگەی ڕاگیراو دەستیان بەکار کردووەتەوە
هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئاشکرای کرد، نزیکەی ھەزار کارگە بە ھۆکاری جیاواز ڕاگیران و ھەوڵ ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەیان و دەشڵێت، لەو ژمارەیە نزیکەی ١٢٠ کارگە دەستیان بەکار کردووەتەوە.
فەتحی محەمەد، ڕاوێژکاری وەزارەتی پیشەسازی و بارزگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی چوار ھەزار کارگەی ھەمەجۆر ھەن و بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەک لەو کارگایانە لە کارکردن ڕاگیراون و ھەندێکیش مۆڵەتیان وەرنەگرتووە و نەچوونەتە قۆناغی کارکردنەوە.''
ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی گوتی: "وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی پلانی داناوە بۆ ئەوەی کارگە ڕاگیراوەکان دەستبەکار بکەنەوە و پاڵپشتی و ھاوکاریی ھەر کارگەیەکیش دەکەین ئەگەر بێت و دەست بەکار بکاتەوە.''
فەتحی محەمەد ڕوونی کردەوە: "نزیکەی ھەزار کارگە پێشتر ڕاگیرابوون و لەکار کەوتوون، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی ١٢٠ کارگەیەک دەستیان بەکار کردووەتەوە و بەرھەمیان ھەیە، ئەوانەشی ماون لە داھاتوودا ھەوڵ ھەیە دەست بەکار بکەنەوە و بەرھەمیان ھەبێت، چونکە لە بەرھەمھێنان دەرفەتی کاریش بۆ ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتی دەڕەخسێت.''
قائید میرۆ




