" دوای ٣٩ ساڵ تا ئێستا زیاتر لە چوار ھەزار ڕوفاتی بارزانییەکان نەگەڕێندراونەتەوە

بارزان -KDP.info- ئەمساڵ ٣٩ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە تێ دەپەڕێت و بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفالکراوانی بارزان دەڵێت، تا ئێستا تەنیا ٥٩٦ ڕوفاتی شەھیدان گەڕێندراونەتەوە و زیاتر لە چوار ھەزار ڕوفاتی دیکە ماون بگەڕێندرێنەوە بۆ خاکی پیرۆزی نیشتمان.
ڕێبوار ڕەمەزان بارزانی، بەڕێوەبەری شەھید و ئەنفالکراوانی بارزان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمساڵ ٣٩ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانیدا تێ دەپەڕێت و ساڵانە بەو بۆنەیەوە ڕێوڕەسمی تایبەت لەلایەن حکوومەت و کەسوکاری شەھیدانی جینۆسایدی بارزانییەکانەوە بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو ٣٩مین ساڵیادی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان بەرز ڕادەگیرێت و ژمارەیەکی بەرچاوی کەسوکاری شەھیدان سەردانی مەزاری شەھیدانی بارزان دەکەن، بڕیارە دوای دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی بڕیار لەسەر ڕێوڕەسمی فەرمی بدرێت لەلایەن وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە.''
بەڕێوەبەری شەھید و ئەنفالکراوانی بارزان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە پرۆسەی جینۆسایدکردنی بازرانییەکاندا ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی بارزانی زیندەبەچاڵ کراون و تا ئێستا تەنیا ٥٩٦ ڕوفاتی جینۆسایدکراوانی بارزانی گەڕێندراونەتەوە کوردستان و لە گۆڕستانێکی تایبەت بە جینۆسایدکراوان ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کراون، بەداخەوە ھێشتا حەوت ھەزار و ٤٠٤ ڕوفاتی دیکە ماون و نەگەڕێندراونەتەوە.''
ڕێبوار بارزانی دەشڵێت: "تیمێکی نیشتمانی بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ھەیە لە عێراق و وەزارەتی کاروباری شەھیدانی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی ڕوفاتی ھەموو جینۆسایدکراون بگەڕێنەوە بۆ خاکی نیشتمان، بەداخەوە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ھێشتا حکوومەتی عێراق ئامادەی قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوانی جینۆسایدی بارزانییەکان نییە.''
قائید میرۆ




