سەعدی پیرە بۆ KDP: پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە.. رەنگە ههڵبژاردن دوا بکەوێت

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی رایگەیاند، لە بەغدا کۆبوونەوەکان بۆ دامەزراندنی حکوومەتی نوێی عێراق و دیاریکردنی پۆستی سەرۆکوەزیران دەست پێدەکاتەوە و پێویستە کورد لەناوخۆدا یەکڕیزبێت و یەک وەرەقەی ھەبێت بۆ گفتوگۆ، ھاوکات دەشڵێت، ھەوڵی کاک نێچیرڤان و سەرکردایەتی یەکێتیی و پارتی و سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت بەرز بنرخێندرێت بە ئاڕاستەی یەکڕیزی.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەی ھێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەتایبەتی یەکێتیی و پارتی ھاوتەریب لەگەڵ کۆبوونەوەکان لە بەغدا دەکرێت، پێویستە لەمڕۆوە لە بەغدا کۆبوونەوەکان دەستپێدەکاتەوە بۆ دامەزراندنی حکوومەت لە عێراق بەتایبەت پۆستی سەرۆکوەزیران.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت: “بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتیی دوای پشووی جەژن دەست پێدەکاتەوە، ھەروەھا تەنھا بابەتی بەغدا نییە کە گفتوگۆی لەبارەوە بکەین، پرسی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان و دۆخی ئەمنی و ئابووری کوردستان و مووچەی ھاووڵاتییان و خزمەتگوزارییەکانە، ھاوکات پارتی و یەکێتیی پێکەوە حکوومڕانی دەکەن لەم ھەرێمە، گفتوگۆکردنیان پێکەوە بابەتێک نییە ئارەزووی لێیە یان ئارەزووی لێ نییە بە حووکمی شەریکیان لە حکوومڕانی دەبێت دانیشن بەیەکەوە باسی کەمووکوڕییەکان بکەن و شێوازی چارەسەری کێشەکان بدۆزنەوە.
پیرە گوتیشی: “گرینگی و بەھێزی پێگەی کورد بەوەیە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە بەیەک وەرەقەی ھاوبەش بە یەک تیم داخیلی گفتوگۆکان ببن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، ئەگەر ئەم پێکەویە نەکرێت ھەڵەیە.
ھاوکات دەشڵێت: “ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، بەڵام رەنگە لە کاتی خۆی دوا بکەوێت، ئەو گۆڕانکاریانەی پێویستە وەک ریفۆرمی یاسایی ھەڵبژاردن و لەجیاتی یەک بازنە کوردستان ببێتە چوار بازنە، ھەروەھا لیستی دەنگدەران پاک بکرێتەوە، ئەوەندەی ئیسرار بکەین لەسەر ھەندێ شتی چەقبەستوو باشترە ئیسرار بکەین لەسەر ئەوەی چۆن دەتوانین ھەڵبژاردنێکی پاک بێت و تانە نەبێت و ھەموو لایەک ڕازی بکات و کێشەکان لە کوردستان کەمبکاتەوە، ئەمەش ئاسایش و یەکڕیزی لە ھەرێمی کوردستان زامن دەکات.
ناوبراو گوتیشی: “من زۆر ڕێزم ھەیە بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی ھەوڵ و تەقەلاکانی بە ئاڕاستەی یەکڕیزی بەرز دەنرخێنم، بەڵام ھەوڵی لەو بابەتەی ئێستا دەبێت سەرکردایەتی پارتی و یەکێتیی و سەرۆکی ھەرێم و کاک بافڵ و سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت بەرز بنرخێندرێت بەبێ ھاوکاری ئەوانە ھەموو لایەکیان ھیچ ھەوڵێک سەرکەوتوو نابێت.
عەزیز ڕەسووڵ




