گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ: خانووی پلاستیک دەگۆڕدرێن بۆ خانووی شووشە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٠ ھەزار خانووی پلاستیکی ھەیە و دەشڵێت، ئێستا کار بۆ گۆڕینی خانووی پلاستیکی دەکەن بۆ خانووی شووشە و بۆ بەرھەمھێنان لەسەر ئاستی جیھانیشدا خانووی شووشە پێشکەوتووترە.
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٠ ھەزار خانووی پلاستیکی ھەیە و بەشێکیان لە وەرزی زستانیشدا بەرھەمیان ھەیە، بەڵام ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێت میکانیزمی خانووی پلاستیکی بگۆڕێت بۆ خانووی شووشە، ژمارەیەک پڕۆژەی نوێ بەو سیستەمە نوێیە جێبەجێ دەکرێن و لەسەر ئاستی جیھانیشدا خانووی شووشە بۆ بەرھەمھێنانی کشتوکاڵ لە خانووی پلاستیکی پێشکەوتووترە.''
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: ''کار بۆ گۆڕینی خانووە پلاستییەکان بۆ سیستەمی خانووی شووشە دەکەین، چونکە لەڕووی بەرھەمھێنانیشەوە کاریگەریی زیاتری ھەیە و لە سیستەمی پلاستیکی باشترە.''
حوسێن حەمە کەریم ڕوونیشی کردەوە: ''ساڵانی ڕابردوو خانووی پلاستیکی لە بەرھەمھێنانی سەوزە و میوەدا لە کوردستان ڕۆڵی زۆری ھەبووە و پێش قەیرانی دارایی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر پاڵپشتیی خانووی پلاستیکی کردووە، بەڵام ئێستا پاڵپشتییەکە کەم بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەت ھەر ھاوکارییان دەکات، بۆ نموونە لەکاتی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ دانانی خانووی پلاستیکی، کارەبایان بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ دابین دەکرێت، ھەروەھا بۆ ئەو کەسانەی پەنا بۆ خانووی پلاستیکی دەبەن، کارئاسانیی زۆر دەکرێت.''
قائید میرۆ




