حاکم ئازاد حەمەدەمین: بۆ چۆنیەتی کەشفکردنی ھەواڵی ناڕاست کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ سەندیکا جیھانییەکاندا واژۆ کردووە

لە درێژەی وێبنارەکانی لقی شەشی پارتی لە ئەورووپا، سیمینارێک بۆ حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لەژێر ناوی دەستەڵاتی چوارەمدا بەڕێوە برد و لەو وێبنارەدا نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تیشکی خستەسەر ڕەوشی میدیا لە ھەرێمی کوردستان و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''بۆ چۆنیەتی کەشفکردنی ھەواڵی ناڕاست، کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ سەندیکا جیھانییەکاندا واژۆ کردووە.''
لە سەرەتای ئاخاوتنەکانیدا حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی: ''لە ھەرێمی کوردستان لە دوای دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەت لە دوای ڕاپەڕینەوە، ئاراستەی یاسادانان بەو شێوەیە چوو کە میدیا وەزیفەی دەوڵەت نییە و وەزیفەی خەڵکە، بۆیە حکوومەت میدیای نییە و وەزارەتی ڕاگەیاندنیشمان نییە.''
دەشڵێت، سەندیکا بە یاسا تەنھا لایەنی فەرمییە کە نوێنەرایەتیی میدیا دەکات و بە یاسای تایبەتی خۆی دروست بووە، ئێمە خاوەنی یاسای سەر بە خۆمانین، یاسای ژمارە ٣٥ لە ساڵی ٢٠٠٧، ڕەوشی ڕۆژنامەنووسان ڕێک دەخات. ئەوکات خەڵکانێک دژی دەرکردنی ئەو یاسایە بوون، ئێستاش ھەمان ئەو کەسانەن کە لەدژی ھەر ڕیفۆڕمێکن لەو یاسایەدا کە لەگەڵ دۆخی ئێستادا بگونجێت.
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان لە وبینارەکەدا ئاماژەی دا، کە بەشدارییان لە چەندین کۆنگرەی نێودەوڵەتیدا کردووە، لەم دواییانەدا لە عومان بەشداریمان لە کۆنگرەی ساڵانەدا کردووە و ھەڤاڵێکی خۆمان توانی ببێتە ئەندامی لیژنەی تەنفیزی جێندەری گشتیی جیھان و نوێنەری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرۆکەکەش دەنگی زیاتر ھێنا.
ھەروەھا، بە یاسای ژمارە ٣٥، ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕ لەلای ئێمە تۆمار دەکرێت و بۆ ڕێکخستنی پەخشی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان ھیچ یاسایەک نییە. لەسەر پەخشی ئاسمانی لەگەڵ بەغدا کێشەمان ھەیە.
حاکم ئازاد لە وێبینارەکەدا رۆشنایی خستەسەر سۆشیال مێدیاو دەڵێت، کێشەکەمان سۆشیاڵ میدیایە کە لە ھەموو جیھانیش ھەیە. مەبەستمان میدیای ئەلیکترۆنی نییە. ڕۆژنامەنووس ئەوەیە کە پیشەکەی پەیڕەو دەکات، تەنھا لە وڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا سۆشیاڵ میدیایان بە یاسا تەنزیم کردووە. بەگشتی لە جیھاندا ئەو بابەتە بە یاسای پاراستنی تایبەتمەندیی کەسی چارەسەر کراوە. لە ئەورووپا بە سیستەمی پاراستنی داتای گشتی ئەو سۆشیاڵ میدیایە ڕێک خراوە. ھەندێکیش لە ڕێگای یاساکانی نەھێشتنی توندوتیژییەوە ڕێک خراوە، بۆیە پڕۆژەیەکمان بەو ئیتیجاھە ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە پەرلەمان یاسای پێ دەربچێت. بە نیازی کۆنگرەیەکین بۆ ھێنانی مامۆستایانی زانکۆ، پسپۆڕ و سەرکردە ڕۆژمانەوانییەکانی ئەورووپا، بۆ ئەوەی خەڵک بزانن کە ئەو پڕۆژەیەی ئێمە ھەمانە لە ئەورووپاش پەیڕەو دەکرێت، لە ھەموو ئەورووپا بەپێی ئەو یاسایە کەس بۆی نییە تەشھیر بە خەڵک بکات و بەبێ بەڵگە زانیاری بلاو بکاتەوە.
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان روونی کردەوە کە: ''نەخشە ڕێگایەکمان پێشکەش بە پەرلەمان کردووە بۆ بەیاساکردنی و چارەسەرکردن و ڕێکخستنەوەی یاساکانی تایبەت بە میدیا، بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ئەو کێشە و کەلێنانەی کە لە بواری میدیا ھەیە.'' زۆربەی ھەرە زۆری میدیاکان پڕۆژەی سیاسین و پڕۆژەی میدیایی نین و ئێمە لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری و فەرمانگەی میدیا و زانیاری کار لەسەر ئەوەی دەکەین بۆ باشترکردنی ناوەڕۆکی میدیاکان یاسایەک ھاوشێوەی یاسا جیھانییەکان ئامادە بکەین.
باسی لەوەشکرد کە بەڕاشکاوی بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانمان گوتوە ناکرێت ئێمە کاتێک ھەر پڕۆژەیاسایەک ئامادە دەکەین، ڕێگە بدرێت خەڵکانێک بە میزاجی سیاسی و دژی چاکسازی لەدژمان ڕابوەستن، زۆرجار بە میدیا و چەواشەکردنی خەڵک لەو میدیایەوە، پارتی سیاسی لێ دروست دەکرێت، بۆیە پێیان ناگوترێت میدیای سەربەخۆ، نموونەش زۆرن لەبەردەست. لە ئەسڵدا پڕۆژەی سیاسین زۆربەی ھەرە زۆری ئەو میدیایانەی کە ڕۆڵی خەراپ دەبینن لەلایەن ھەندێک لایەنی سیاسیی کوردستانەوە و لەلایەنی دەرەکییەوە پشتگیرییان دەکرێت، بەپێی یاسای ساڵی ٢٠٠٧ ی سەندیکا، سەدەھا کەیس لە دادگاکانی کوردستان بەو یاسایە یەکلایی کراوەتەوە.
حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئاشکرای کرد: ''کێشەی یاساکەمان ئەوەیە ھێزی سزادانی تێدا نییە، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک نەرویج ھیچ پێشێلکارییەکی میدیایی تۆمار نەکراوە، بەڵام ھاوکات یاسای وایان ھەیە کە لەوانەیە ڕۆژنامەنووس ١٠ ساڵ بەند بکات، ئەگەر پێشێلکاریی بکات، ئەندامێتی سەندیکا بە یاسا ڕێک خراوە و مەرجەکانی ڕۆژنامەنووسی دیاری کردووە، ٩٨٠ ڕۆژنامە و گۆڤار، ٣٠٠ ماڵپەڕ کە ئاشکران و زیاتر لە ٢٠٠ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنمان لا تۆمار کراوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئالێنگارییانەی دێتە بەردەم سەندیکا و کاری ڕۆژنامەنووسییەوە پێویستمان بە ڕیفۆڕمکردنی یاسایی ھەیە، زۆر شت بڵاو دەکرێتەوە کاریگەریی نێگەتیڤی دەروونی لەسەر خەڵک دروست دەکات و غەدرکردنە لە میدیا. پاشکۆی یەک و دوومان ئامادە کردووە کە تایبەتە بە ئیلتیزامکردن بە ناوەڕۆکی ھەواڵ.
حاکم ئازاد حەمەدەمین، لە بەشی کۆتاییی سیمینارەکەدا ڕوونیشی کردەوە: ''دەمێکە کاتی ئەوە ھاتووە کە کۆنگرەی سەندیکا بکرێت. داوا دەکەین کە بە زووترین کات کۆنگرەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسی بکرێت و بۆ سازدانی ئەو کۆنگرەیە لە ھەموو لایەنەکانەوە تەوافوقێک دروست بێت. دەبێت ئەو کۆنگرەیە ببێتە کۆنگرەی فیعلی ڕۆژنامەنووسی و نایەڵین ببێتە ھەڕاجخانەی خەڵکانێک و بەجیددی کاری لەسەر دەکەین، کار لەسەر جێگیرکردنی ئامانجی ئەخلاقی و پیشەیی و نیشتمانی دەکەین. دەبێت ئازادی ھەبێت، بەڵام ئازادی یاساییانە. بابەتی سەلامەتیی پیشەیی چووەتە ناو پڕۆگرامی خوێندن و کاری باشمان لەسەر کردووە، بۆ چۆنیەتی کەشفکردنی ھەواڵی ناڕاست، کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ سەندیکا جیھانییەکاندا واژۆ کردووە.
ھەروەھا دەشڵێت، داوا لە ڕەوەند دەکەین کە ھاریکاریی سەندیکا بن. وێڕای ئەوەی خستەڕوو کە پێویستە ئەوانەی دەچنە شەڕ، کۆدی تایبەتیان ھەبێت بۆ ئەوەی ھەموو کەسێک نەچێتە بەرەکانی شەڕ. گرێبەست لەگەڵ ئای ئێم سی. تا ئیستا ٩٠٠ کەس ڕاھێنانیان بۆ کراوە بەتایبەتی لە بواری پەیامنێری جەنگدا. بەو ئاراستەیەدا چەندین خولی ترمان کردووە.
قائید میرۆ




