٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیوەیلی: جان مارک باسی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە چەسپاندنی دیموکراسی كرد

سەرچاوە: KDP.info

فەرەنسا-KDP.info- لە میانەی سەردانی فەرمیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بۆ فەرەنسا چاوی کەوت بە جان مارک جێرمین بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پارتی سۆشیالیستی ئەو وڵاتە.

پارتی سۆشیالیستی فەرەنسا لە قۆناغە سەختەکانی کوردستان ڕۆڵێکی گرینگ و کاریگەری گێڕاوە بۆ ئەو ھەڵوێست و پاڵپشتیانە، ھۆشیار سیوەیلی سوپاسی پارتی ناوبراوی کرد و گوتی، پاڵپشتی و ھاوکاریەکانی ئەوان بەشداریەکی کارای ھەبوو لە سەرکەوتن و پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان پێزانینمان بۆی ھەیە و چاوەڕێی بەردەوامی دەکەین. 

جان مارک جێرمین بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پارتی سۆشیالیستی فەرەنسا باسی لە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد لە شەڕی تیرۆر و بەدەستھێنانی سەقامگیری و ڕزگاری عێراق و چەسپاندنی دیموکراسی لە ناوچەکە کە توشی چەندین گرفت و بەربەست بووە، بەڕێزیان دووپاتی پاڵپشتی خۆیانی بۆ دۆزی گەلی کوردستان و مافە دەستووریەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە و راشیگەیاند سەقامگیری کوردستان ڕۆڵی ھەبووە لە ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا لە داڵدەدانی سەدان ھەزار پەنابەر و ئاوارە و تێکشکاندنی گرووپە چەکدار و توندڕەوەکان بۆ ئەمەش پشتیوانی زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان پێویستە بۆ بەردەوامی لە پاراستنی بەرژەوەندی ھاوبەش و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیە ھاوبەشەکان. 

بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان پەیوەست بوون بە بارودۆخی ئێستای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری ڕووداوەکان لەسەر ھەرێمی کوردستان و ڕۆڵی بەرچاوی فەرەنسا لە ھەماھەنگی و ھاوکاری بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی. ھاوکات پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی فیدڕاڵی عێراق تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو، پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و کۆسپەکانی بەردەم پێکھێنانی حکوومەتی فیدڕاڵی باسکراوە و بەڕێز سیوەیلی ڕوونیکردەوە کە سەرۆک بارزانی و پارتی دەیانەوێت بەربەستی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق لاببرێت و کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکەن و حکوومەتێک پێکبھێندرێت لەسەر بنەمای شەراکەت و ھاوبەشی و تەوازنی نێوان نەتەوەکانی عێراق، ھاوکات بارودۆخی سیاسیی و ئابووری عێراق بەشێکی دیکەی ئەو گفتوگۆیانە بوو. 

ھەڵوێست و پەیوەندی مێژوویی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سۆشیالیستی فەرەنسا باسی لێکراو جەخت لە بەردەوامی و بەھێزکردنی کرایەوە بە ئامانجی خزمەتکردنی ھەردوو نەتەوە و ئامانجە ھاوبەشەکان، بەڕێز سیوەیلی بانگھێشتی بەڕێز جێرمین بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پارتی سۆشیالیستی فەرەنسای کرد بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ گفتووگۆ کردن و ھەماھەنگی زیاتری ھەردوولا.

هەواڵی پەیوەندیدار