٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کابینەی نۆیەم زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار قەرزی داوەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار قەرزی کۆنی داوەتەوە و هیچ قەرزێکی نوێشی نەکردووە.

بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ماوەی تەمەنیدا کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار، قەرزی داوەتەوە کە لە کابینەکانی پێشتر قەرز کرابوو.

ئاماژە بەوەشکراوە، حکوومەت پارەی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن و پێشینەی پڕۆژەکانی پلانی وەبەرهێنان خەرجکردووە و هیچ جۆرە قەرزێکی نوێش نەکراوە.

هەر بە گوێرەی داتاکان، لە ماوەی تەمەنیدا کابینەی نۆیەم توانیویەتی لە داهاتی نەوت پارەی پێویست بۆ مووچەی تەواوی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 دابین بکات. حکوومەت فیدراڵی بۆ شەش مانگی ئەمساڵ، دەبووایە ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام تەنیا 400 ملیار دیناری ناردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشکردووە، خەرجیی تێکڕایی مانگانەی مووچە لە هەرێمی کوردستان 900 ملیار دینارە.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم بەشێک لە کارنامەکەی زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بووە.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 10/7/2019 متمانەی لە پەرلەمان وەرگرت. لە وتارێکدا مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی راگەیاند و لە بەشێکی وتارەکەیدا گوتی: خواستی یەکەمم لەم کابینەیەدا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار