٢١ پڕۆژەی جووتسایدی ڕێگا سەرەکییەکان تەواو دەکرێن

هەولێر –KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاشکرای کرد، بڕیارە جووتسایدی ھەموو ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکان تەواو بکرێن و دەشڵێت، داوای ١٧٦ ملیارمان کردووە بۆ پڕۆژە ڕاگیراوەکان و پڕۆژەی نوێ.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەردەوام دەبێت لەسەر پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و ئێستا دەیەوێت ڕێگا سەرەکییەکان بکرێنە جووتساید، پلان ھەیە ھەموو ڕێگا سەرەکییەکان بۆ پارێزگاکان و دەروازە سنوورییەکان بکرێنە جووتساید، وەزارەت پلانی خۆی ناردووە بۆ وەزارەتی پلاندانان و داوای خەرجکردنی ١٧٦ ملیار دیناری کردووە.''
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''وەزارەتی پلاندانان داواکاری وەزارەتی بەرز کردووەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و چاوەڕێی پەسەندکردنی دەکەین، ئەو پارەیە بەشێکی بۆ پڕۆژە بەردەوامەکانە و بەشێکی دیکەی بۆ پڕۆژەی نوێ بەکار دێت، لەوانە ١٢٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژە بەردەوامەکان و ئەوەی دیکەی پڕۆژەی نوێی پێ جێبەجێ دەکرێت.''
ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی: ''ھێشتا ٢١ پڕۆژەمان هەیە کە بەردەوام کاری تێدا دەکرێت و پێویستیان بە پارەیە، لەوانەش جووتسایدی ھەولێر- کۆیە و ھەولێر- کۆڕێ و ڕێگای دووکان-چوارقورنە و ڕێگای وارماوە- دەربەندیخان و ڕێگای کەلار- دەربەندیخان و چەندین پڕۆژەی دیکە چاوەڕێی خەرجکردنی پارەن.''
قائید میرۆ




