ڕێژەی ٢٥%ی ئەندامانی کۆنگرەی ١٤ی پارتی ئافرەت دەبن
_(21)__2022_07_06_h14m56s24__ER.jpg)
دھۆک -KDP.info- ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی پێ کردووە و بە بڕیاری سەرۆک بارزانییش پێویستە کۆنگرەیەکی جۆری و جێی ڕەزامەندیی خەڵک بێت و ٢٥%ی ئەندامانی کۆنگرەش ئافرەت دەبن .
ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێحسان ئامێدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە بەرەو کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان دەچین و لیژنەکانی ئامادەکار بۆ بەستنی کۆنگرە دروست کراون و پێشتریش لیژنەی ئامادەکردنی پەیڕەو و پڕۆگرام و ڕاپۆرتی پەیوەندیدار بە ژیانی پارتایەتییەوە کاریان بۆ کراوە و ئامادەش کراون و ھەڵبژاردنی نوێنەران دەکرێت و شوێنێک بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە دیاری دەکرێت، ھیوادارین خەڵکی ئێمە بە گەشبینی و دڵخۆشی بەرەو کۆنگرە بچن کە وەک سەرۆک بارزانی باسی کردووە پێویستە کۆنگرەیەکی جۆری بێت کە ئەو کەموکووڕییانەی چەند ساڵی ڕابردوو دروست بوون، چاک بکرێن و پارتی بخەینەوە سەر سکە ڕاست و دروستی خۆی و باشتر بتوانێت خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات و ئێمە ھەمووان پێکەوە دەستمان بخەینە ناو دەست بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجی پارتی و ڕێبازی بارزانی و کۆنگرە بتوانێت ببێتە جێگەی ڕەزامەندیی خەڵک بە خزمەتێکی باشتر و بەجێھێنانی دادپەروەری و پێکەوەژیان و خۆی نوێ بکاتەوە و بگونجێنێت لەگەڵ پێویستیی سەردەم.''
ئێحسان ئامێدی گوتیشی: ''بۆ نوێنەرایەتیی کۆنگرە بەپێی ڕێنماییی سەرکردایەتی، پێویستە ڕێژەی ئافرەت لە کۆنگرە ٢٥%بێت، بۆیە لەو بازنانەی ھەڵبژاردن کە دەستنیشان کراون ھەر بازنەیەک چوار کاندیدی دەبێت کە یەکێک لەوانە ئافرەت دەبێت، ئەگەر ئافرەت نەیتوانی لە چوار کەس سەر بکەوێت، نوێنەری چوارەم لادەدرێت و ئافرەتێک دەچێتە شوێنی، ئەگەر دەنگیشی کەمتر بێت.''
بڵند ئیبراھیم




