٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سێناتی فەرەنسا لەم ھەوڵە بۆ گەلی کوردستان بەردەوامی دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بۆ جاری دووەم سەردانی سێناتی فەرەنسای کرد و لەلایەن پیێر ئەنتوان لێڤی و فرانسۆا بۆنهۆم پێشوازیی لێ کرا.

لەو سەردانەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سوپاسی جەنابی سەرۆک بارزانیی بە هەردوو ناوبراو گەیاند لەپای هەوڵی بەردەوامیان بۆ پشتیوانیی گەلی کوردستان و ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی ژێرخانی کوردستان وەکوو جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

لە درێژەی گفتوگۆکاندا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی ئەو کەیسە کردەوە بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوە و قەرەبووی قوربانیان، بەڕێز پیێر ئەنتوان لێڤی نیگەرانیی خۆی بۆ سەرنەکەوتنی هەوڵی پێشوویان خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە ئەوان بەردەوام دەبن و بۆ داهاتوو پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتر هەیە، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکاریی پڕۆژیەکی دیکەن بە شێوەیەکی سیستەماتیک و کاریگەرتر.

پیێر ئەنتوان لێڤی دووپاتیشی کردەوە کە ئەوان وەک سیناتی فەرەنسا هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بەردەوامیی هاوکاریی حکوومەت و گەلی کوردستان و پشتیوانیی تەواو لە حکوومەتی فەڕەنسا دەکەن لە ڕۆڵی ئەرێنیانەی لە چارەسەرکردنی جیاوازییەکانی نیوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ.

باسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو کە ڕۆڵێکی مێژووییی پڕ بەهایە و گەلی کوردستان پێزانینی هەیە بۆ ڕۆڵی حکوومەت و گەلی فەرەنسا لەمەڕ پشتیوانیی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و سەرکەوتن بەسەر بەربەستەکاندا.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی باسی لە ڕەوشی ئێستای عێراق و پەیوەندییەکانی نیوان هەولێر و بەغداد کرد و جەختی لە جێبەجێکردن و پابەندبوون بە دەستووری هەمیشەیی عێراق کردەوە و پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی فیدراڵ و گرفتەکانی بەردەم ئەو پرۆسەیە قسەی لەسەر کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی سیاسەتێکی عێراقیانە کردەوە بۆ خزمەت گەلانی عێراق و بەدەستهێنانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆیان.

بەشێکی دیکەی دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی سیناتۆر کلۆد کێرم، جێگری سەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی فەرەنسا و عێراق بەڕێوە چوو، بەڕێزیان باسی لە دوایین سەردانی خۆی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە ئیرادەی گەیشتن بە چارەسەری بەدی دەکرێت و پێویستە هەمووان بەشێک بین لەو چارەسەرە و هانی هەموو لایەک دەدەین دوور بکەونەوە لە دروستکردنی بەربەست و کاریگەریی نەرێنی بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی کاریگەری و پابەند بەو دەستوورە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار