زێباری: سەرۆکی ھەرێم وای کردووە داعش نهتوانێت زەفەر به سەنگەرەکانی پێشمەرگە ببات

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی، ھێزی پێشمەرگە ھێڵێکی بەرگری بەھێزی دروست کردووە و داعش ناتوانێت زەفەری پێببات، بەڵام ھێزە عێراقیەکان بەھۆی ئەوەی داعشەکان لەناو خۆیاندایە، ھۆکارێکە کە جموجۆڵ و چاڵاکی بەردەوامیان لە سنووری ئەوان ھەیە، چونکە ئێستا ٩٨% داعشەکان عێراقین و بیانی زۆر کەمە، بۆیە ناتوانن کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکەن.
راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ئێستا گرینگی سەنگەرەکانی پێشمەرگە ئەوەیە کە زۆر قایم بوونە دوای ئەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێداویستی بۆ دابین کردن بۆ ئەو شوێنانەی پێویستیان بە تۆکمە کردن ھەیە، سەرۆکی ھەرێم وای کردووە سەنگەرەکانی پێشمەرگە زۆر باش قایم بکرێن و پابەندی دەوامی خۆیان بن، بۆیە دوژمن ناتوانێ زیان بەسەنگەرەکانی پێشمەرگە بگهیهنێت، چونکە زۆر جیاوازن لە رابردوو.
بابەکر زێباری گوتیشی: “ھۆکاری ھەبوونی ئاڵۆزی لەناو ھێزە عێراقیەکان بۆ خودی خۆیان دەگەڕێتەوە کە داعش لەناو خۆیان ھەیە و خۆیان بوونەتە داعش، بەڵام ئێمە ھێڵێکمان دروست کردووە و لەناو ئێمە داعش بوونی نیە و شوێنیشیان لە ناو کوردستان ھەرگیز نابێتەوە، بۆیە ٩٨%ی ئێستای داعش عێراقین ئەگەر ٢%ی بیانی بن، واتا داعشەکانی ئێستای عێراقی ناوخۆیین و لەخۆیانن و عێراقین نەک بیانی.
بڵند ئیبراھیم




