"پێشمەرگە و سوپای عێراق دەربارەی رەوشی مەخموور کۆ بوونەوە"

مەخموور -KDP.info- ئەمڕۆ لە شارۆچکەی مەخموور ھەردوو شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەبارەی ھەماھەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کۆ بوونەوە و بەرپرسێکی ھەرێمیش دەڵێت، کۆبوونەوەکە دەربارەی رەوشی ئەمنیی مەخموور بووە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری سەربازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ شاندی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دەڤەری مەخموور کۆ بووینەوە و کۆبوونەکەی ئەمڕۆ زیاتر بۆ ھەماھەنگی بووە لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەربارەی رەوشی ئەمنیی دەڤەری مەخموور و بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش لە ناوچەکە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ھەردوولا ھاوڕا بووین لەسەر دروستکردنی ھەماھەنگی و کارکردن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رەوشی ئەمنیی مەخموور.''
دەربارەی بەڕێوەبردنی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: "ئەمە بابەتێکی سەربازی و ئەمنیە کە ناتوانم لێرەوە ئاشکرای بکەم چی دەکرێت، بەڵام بێگومان ھەماھەنگی دەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و چارەسەرکردنی رەوشی ئەمنیی سنورەکە.''
پەیوەست بە لەنێوبردنی داعشەکانی چیای قەرەچووخ، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت روونی کردەوە: "ھەموو ئەو زانیارییانەی دەربارەی قەبارەی داعش لە چیای قەرەچووخ باس دەکرێن، مەرج نییە راست بن، راستە ژمارەیەک چەکداری تیرۆریستی لە چیای قەرەچووخ ھەن، بەڵام ژمارەیەکی زۆر نین و ئەویش لە داھاتوودا چارەسەر دەکرێت''.
قائید میرۆ




