"پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بە پرسە دارایییەکان دەکات"
_(2)__2022_07_05_h16m45s29__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئاشکرای کرد، ژمارەیەک ڕاپۆرت لەبارەی چەند پرسێکی دارایییەوە ئامادە کراون و بڕیارە وەزیری دارایی بانگھێشتی پەرلەمان بکرێت و دانیشتنێکی تایبەت لەبارەی پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مووچە پاشەکەوتکراوەکان و فەرمانبەرانی گرێبەست بەڕێوە بچێت.
لیزا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەی دارایی خەریکی ئامادەکردنی ١٣ ڕاپۆرتە لەبارەی مافە دارایییەکانی فەرمانبەران و ئەو بابەتانەی ڕەھەندی دارایییان ھەیە و زۆربەی ڕاپۆرتەکان لە قۆناغی کۆتاییدان لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مووچە پاشەکەوتکراوەکان و فەرمانبەرانی گرێبەست و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە ماف و شایستەکانی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.''
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەشڵێت: "زۆربەی ڕاپۆرتەکان کۆتایییان ھاتووە و لایەنە پەیوەندارەکان بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێن بۆ ئەوەی ڕاپۆرتەکانی پەرلەمان دەوڵەمەند بکرێن و چارەسەرێک بدۆزینەوە.''
لیزا کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت بەو پرسانەی سەرەوە دەکات و بۆ ئەوەی ھۆکاریان بزاندرێت و چارەسەرێک بدۆزینەوە لەگەڵ حکوومەت، بەتایبەتی گلەیی زۆر لەسەر ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکرێت، لەبەر ئەوە پێشبینی دەکەم کۆبوونەوەی نائاسایی بەڕێوە بچێت''.
قائید میرۆ




